سبەی تیروپشک بۆ ناوی خوازیارانی حەجی ساڵی 2026 دەکرێت
پاش کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکان، بڕیارە سبەی چوارشەممە، کاتژمێر 11ـی بەیانی، تیروپشک بۆ ناوی ئەو هاووڵاتییانە ئەنجام بدرێت کە خۆیان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر خوازیار ناویان تۆمار کردووە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ڕایگەیاند: پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی نوێبوونی سیستەمەکە، پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان ماوەیەکی زیاتری خایاندووە، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشکەکە کەمێک دواکەوت.
بەپێی زانیارییەکانی کاروان ستوونی، 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، بەهۆی زۆریی خواستی هاووڵاتییانەوە، مەرجێکی نوێ زیاد کراوە کە هەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، بەو هۆیەشەوە هەزاران ناو دەرهێنراون و دوورخراونەتەوە.
گوتەبێژی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج، هاوکارییەکی باشی هاووڵاتیان کراوە و بارگرانییەکی زۆر کەمکراوەتەوە، چونکە لەم سیستەمەدا ناو تۆمارکردن بێبەرانبەرە، لە کاتێکدا پێشتر هەر کەسێک ناوی تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دینار بدات، کە دواتر ئەم بڕە کەمکرابووەوە بۆ 25 هەزار دینار.
ئەم هەنگاوەش وەک جێبەجێکردنی یەکێک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت دێت، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکانەوە.
