پیشانگەی کتێب لە شاری بۆکان کرایەوە

پێشانگەی کتێب لە هۆڵی سیمرغ لە شاری بۆکان کرایەوە. ئەم پێشانگەیە، ساڵانە چەند جارێک دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان، هونەردۆستان، نووسەران و شاعیران، پێشوازیی لە نوێترین بەرهەکانی دنیای کتێب و زانست دەکەن.

نووسەران و ئەدیبانی بۆکان دەڵێن: کتێب گرنگترین سەرچاوەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ وەڵامی پرسیارەکانی وەربگرێتەوە و ئەگەر بتوانین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ درووست بکەین، کتێب باشترین و متمانەپێکراوترین هاوڕێی مرۆڤە. 

عوسمان ئاتاک، مامۆستا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا کە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر، بوونەتە هۆی دوورکەوتنەوە لە کتێب؛ کردنەوەی ئەم پێشانگەیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دووبارە ئاشتبوونەوە لەگەڵ کتێب.

ئاسۆ نەجاڕی، شاعیر، دەڵێت: کتێب، باشترین هاوڕێی مرۆڤە. بۆ ئێمە کە هەر لە منداڵییەوە ئاشنای کتێبین، ئەم پێشانگەیە مایەی دڵخۆشیمانە.

لە پەراوێزی پێشانگەکەدا پەردە لەسەر کتێبی 'بەرتەونانە' لە نووسێنی خاتونێکی هونەرمەندی ئەو شارە لادراوە، بە گوتەی سارا ساڵحی، نووسەری کتێبەکە، 'بەرتەونانە' کۆکراوەی کۆمەڵێک شیعری فۆلکلۆری کوردیە و ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبەش رێگری لە فەوتانی ئەم شیعرانەیە. 

ساڵحی، گوتیشی: بەرتەونانە، کۆکراوەی ژمارەیەک لەو شیعرانەن کە خانمانی تەونگەر، بەدەم تەونکردنەوە بۆ دڵی خۆیان، بۆ دڵخواز و ئازیزانی خۆیان گوتوویانن.

پەروین نازری، نووسەر، گوتی: مایەی خۆشحاڵییە کە دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا سەردانی پێشانگەکە دەکەن و کتێب دەکڕن. 

لەم پێشانگەیەدا، زیاتر کتێبی تایبەت بە منداڵان، بابەتەکانی دەروونناسی و زمانی کوردی و چەندین بابەتی دیکە تێیدا نمایش کراون.  چالاکانی مەدەنی داوا لە مامۆستایان و نووسەران دەکەن پاڵپشتی لە نەوەی داهاتوو بکەن و زمانی کوردی لەنێویاندا زیاتر پەرە پێ بدەن، چونکە وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکە زمانی ئێمەش ناسنامەی ئێمەیە و پێویستە هەوڵ بدەین زیندوو ڕایبگرین.

 
Fly Erbil Advertisment