مەسرور بارزانی: وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی پڕۆژەکانی پشتێنەی سەوزایی و ڕێڕەوی ژیان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی(ئێکس)دا نووسیوویەتی: بەردی بناخەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێرمان دانا، کە دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی پڕۆژەکانی پشتێنەی سەوزایی و ڕێڕەوی ژیان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئاوی ئاوەڕۆ دوای پاڵاوتنی، بۆ ئاودانی سەوزایی و پارکەکان بەکاردەهێنرێت و دەبێتە هۆی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق كە دەكەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەكان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا. 

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای ئاوزان ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەکێک لەو هەشت یەکەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی جایکای ژاپۆنییەوە جێبەجێ بکرێت.

مەسرور بارزانی گوتی: هەروەک دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەکە پێک هاتووە و یەکێک لەو یەکانە، هیوادارین کە ئاژانسی جایکای  ژاپۆنی جێبەجێی بکات،هیوادارین لە کاتێکی زوودا ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەن.

مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات، یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment