یەکەمین پێشانگەی نمایشی پەلەوەر لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو
یەکەمین پێشانگهی نمایشی پەلەوەر لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، 60 بەخێوکاری پەلەوەر لە پارێزگای هەڵەبجە بە پەلەوەری خۆماڵیی و بیانی بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کرد.
محەممەد عومەر، لێپرسراوی ڕێکخراوی پەلەوەری شاهانە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە گرنگیەکی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ بە خێوکاران، ساڵانێکی زۆرە پەلەوەر بەخێودەکەین، هەبوونی ئەم پێشانگەیانە دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی پەلەوەرەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
لەلای خۆیەوە، ئازاد ئەحمەد، فرۆشیاری پەلەوەرە و بە کوردستان24ـی گوت: بەخێوکردنی ئەم جۆرە پەلەوەرانە زیاتر بۆ حەز و خولیایە نەوەک قازانجی ماددی، لەم پێشانگەیە دا چەندین جۆری پەلەوەری جیاوازی تێدایە و دەگمەنن، نرخی بەشێکیان لە هەزار دۆلار زیاترە، هەروەها پێویستە خواردنی تایبەتیان پێبدرێت و شوێنی بەخێوکردنیان تایبەت و جیاوازبێت، چونکە چەندین تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە.
ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی خولیای بەخێوکردنی پەلەوەریان هەیە، سەردانی ئەو پێشانگەیان کرد و چەندین جۆری پەلەوەری سەرنجڕاکیش له پێشانگهكه نمایشکران و فرۆشران.
