بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا خانمێک دەبێتە ڕێبەری ئۆرکێسترا

لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئێران، سەرباری زۆرێک لە بەربەستەکان، خانمانی چالاک لە بواری هونەر و مۆسیقا، بە هەوڵ و بەشداری لە سەنتەرەکانی ڕاهێنانی موسیقادا توانیویانە لەگەڵ گورانیگوتن و میوزیکژەنیندا ڕێبەری ئۆرکێسترا بگرنە ئەستۆ.

پانیز فەریووسفی، ژەنیاری ئامێری کەمانە و ئێستا ڕێبەریی ئۆرکێسترای سەمفونیی تاران دەکات، دەڵێت: یەکێک لە هاوڕێکانم بۆی باس کردم کە لە کاتی ڕێبەرییکردنی ئۆرکێستراکەدا کچێکی بچووکیش کارەکانی منی دووبارە دەکردەوە و گوتی لە ئێستاوە لە مێشکی کچاندا جێگیر دەبێت، ئەزموونێکی نوێیە بۆ ئێمە و پێمان دەڵێت ئەگەر ترسێک هەبێت، دەبێ ڕووبەڕووی ببینەوە و تەنیا ڕێگە بۆ ڕزگاری ڕووبەڕووبوونەوەی ترسە.

بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران، گۆرانی گوتنی ئافرەتان تەنیا بە گرووپ ڕێگەپێدراوە و خانمانی ئەو وڵاتە دەڵێن "ئەگەر جیهان گوێی لە گۆرانییەکانمان نەبێت، بەڵام دەتوانین بە ڕێبەرایەتیی ئۆرکێسترا دەنگمان بە جیهان بگەیێنین."

خانمێکی هونەرمەند کە ئامادەی ئۆرکێستراکە بوو، گوتی "خانمەکان پێویستە باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و دەبێ بزانن کە ئێمەش دەتوانین رێبەرایەتی ئۆرکێسترا بکەین.

پیاوانیش دەڵین ڕۆڵی خانمان لە موسیقای ئێراندا سنووردارە، هەر بۆیە نەیانتوانیوە بەپێی پێویست تواناکانی خۆیان نیشان بدەن.

هاووڵاتییەکی ئامادەبووی ئۆرکێستراکە، دەڵێت "هیوادارم خێری پێوە بێت و خانمان بتوانن باوەڕییان بە خۆیان هەبێت و زیاتر مەیدانیان پێ بدرێت کە تواناکانیان لە بواری موسیقادا زیاتر دەربخەن." 

 مۆسیقا لە ئێران، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتەیە، لەم ساڵانەی دواییدا خانمان زیاتر هۆگری موسیقا بوونە و لە سەنتەرەکانی فێرکاریی و زانکۆکانی موسیقا ڕۆڵی خانمان بەرچاوترە. ئەوەش وایکردووە ئافرەتانی میوزیکژەن زیاتر بێنە ناو ئۆرکێسترا و کۆڕی مۆسیقاکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment