بەهای بیتکۆین بۆ نزمترین ئاستی دابەزی
لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا، بۆ یەکەم جار، بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە بەهای یەک بیتکۆین بۆ خوار 90 هەزار دۆلار دابەزی.
لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسیادا لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەهای بیتکۆین بە ڕێژەی لە 2.4% دابەزی، بەرزترین ئاستی بەهای بیتکۆین لە مانگی ئۆکتۆبەر گەیشتە سەرووی 126 هەزار دۆلار.
دوایین جار لە مانگی نیسانی ڕابردوو بوو کە بەهای بیتکۆین گەیشتە 74 هەزار و 400 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە ڕاگەیەنادنی پلانی گومرگی، بازاڕە داراییەکانی شڵەژاند.
لەلایەکی دیکەوە، بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراو، پێشبینی دەکەن بەهای دراوی بیتکۆین زیاتر دابەزێت و بگاتە 85 هەزار و 800 دۆلار.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، بەهای بیتکۆین بەرزترین نرخی خۆی تۆمارکرد و گەیشتە 125 هەزار و 835 دۆلار و 92 سەنت. ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێک بوو لەوانە؛ کۆمپانیا و دامەزراوە گەورەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەبەرهێنانیان لە بیتکۆیندا کرد. هەروەها سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ، لە بواری دراوی ئەلیکترۆنیدا، ژینگەیەکی لەبارتری بۆ گەشەی کریپتۆ ڕەخساندووە.
دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی چالاکانە پەرەی بە دراوە کریپتۆییەکان داوە و بەشداریی لە چەندان پڕۆژەی پەیوەست بە کریپتۆ کردووە. ئەم پاڵپشتییە پێچەوانەی ئەو گومانەیە حکوومەتی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی جۆو بایدندا، هەیبوو بەرامبەر بەم دراوە ئەلیکترۆنیانە.
