كوردستان24 كەمپەینی پاڵپشتی هاندەرانی زاخۆی لە هەولێر راگەیاند
كەمپەینەكە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت
دوای ئەوەی بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا، هاندەرانی زاخۆی بەربژێر كرد بۆ ئەوەی لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەكان “زە بێست” وەكو باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025 خەڵات بكرێت، كوردستان24 بۆ پاڵپشتیكردنی هاندەرانی زاخۆ كەمپەینی هاندەرانی زاخۆی لە هەولێر راگەیاند.
فیفا لە سەرەتای ئەم مانگە لە پێگەی خۆی، ناوی بەربژێرەكانی بۆ بردنەوەی خەڵاتەكان زە بێست بڵاو كردەوە، لە نێویاندا وەكو باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025 هاندەرانی زاخۆ كێبڕكێی دوو هاندەری دیكەی جیهان دەكەن.
وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، پێش یارییەكەیان بەرامبەر حدوود، هاندەرانی زاخۆ لە رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ، 30 هەزار بووكەڵەیان فڕێدایە نێو یاریگە، دواتر سەرجەم بووكەڵەكانیان كۆكردەوە و بەخشرایە ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە.
فیفا لە بەیاننامەكەیدا لەبارەی هاندەرانی زاخۆ نووسیویەتی: فڕێدانی بووكەڵەكان بۆ نێو یاریگە، رووحێكی مرۆیی نیشان دەدات، هاندەران بڕبڕەی پشتی تیپەكەن، بەردەوام بە چالاكی و هاندانە سەرنجڕاكێشەكانیان وەكو داهێنەرێك دەردەكەون، هیوادارین هاندەرانی زاخۆ و سەرجەم هاندەرانی جیهان لە پشتگیریكردنی ئەمجۆرە كارانە بەردەوام بن و هیوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
هەڵمەتی دەنگدان و پشتگیریكردنی زاخۆ دەستی پێكردووە
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان چوار یانە كوردستانییەكەی بەشداربووی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەشداریی كەمپەینی پاڵپشتی هاندەرانی زاخۆیان كرد، جگە لەوەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران پاڵپشتی خۆیان بۆ هاندەرانی زاخۆ راگەیاند، پاشان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتە نێو كەمپەینی پشتگیریكردنی هاندەرانی زاخۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە، كوردستان24 لەنێو شەقامی ئیسكانی شاری هەولێر كەمپەینێكی بۆ پاڵپشتی هاندەرانی زاخۆ راگەیاند و هەر كەسێك دەیەوێت دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدات دەتوانێت پەیوەندی بە كەمپەكەی كوردستان24 بكات لە شەقامی ئیسكان بۆ ئەوەی لەوێ بەشێوەی ئۆنلاین دەنگ بە هاندەرانی زاخۆ بدات.
لە لایەكی دیكەیشەوە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە چەندان كەسایەتی و هونەرمەند و سیاسەتمەدار بەشداریی هەڵمەتی دەنگدانیان كردووە و بۆ باشترین هاندەرانی جیهان دەنگیان بە هاندەرانی زاخۆ داوە. ئەمەش لە كاتێكدایە فیفا رۆژی 29ـی ئەم مانگەی وەكو دواوادە بۆ دەنگدان بە هاندەران دەستنیشان كردووە.
