جەنگیز چاندار: ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە پرۆسەی ئاشتی نەدەهاتە دی

جەنگیز چاندار
جەنگیز چاندار

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نەدەچووە پێشەوە، دەشڵێت: هێشتا پرۆسەی ئاشتی لە قۆناغی سەرەتادایە و پێویستی بە متمانە هەیە.

سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ژینۆ محەممەد، بۆ کوردستان24، سەرنجی خستە وتەیەکی سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش کە ڕایگەیاند: کورد شەڕی ناوێت، هێشتا کورد ئاشتی دەوێت، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ناونیشانی کۆڕبەندەکە ئاڵۆزی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە، ئامانجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاشتییە، بۆیە کورد لەگەڵ ئاشتیدایە، دەڵێت: سەرۆک بارزانی پەیامێکی کوردانەی بە ئێمەدا.

چاندار دەڵێت: پەیامی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش دوو بابەتە، دەبێت هەموومان بەیەکەوە کار بکەین، لەگەڵ کورد و ئاشتی.

 

کورد ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: پرسی کورد لە تورکیا نکۆڵی لێکراوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان هیچ ڕێگەیەکیان بۆ کورد نەهێشتووەتەوە، تەنیا ڕێگە بۆ کورد ئەوەبووە، بۆ دەستخستنی مافەکانی شەڕ بکات، بۆیە دەبوو چەک هەڵبگرن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەوان کوردن و مافیان هەیە، بەڵام ڕێگەیان لێگیرا و دەرفەتیان پێ نەدرا، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی کورد ئەوەیە، میللەتێکی ئاشتیخوازە، هەر دەرفەتێکی پێ بدرێت، کورد دەستی ئاشتی درێژ دەکات، هەر لەبەر ئەوەیە کورد ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پرۆسەی ئاشتی تورکیا لە قۆناغی سەرەتادایە
جەنگیز چاندار گوتی: هێشتا ئێمە لە سەرەتای پرۆسەی ئاشتیداین لە تورکیا، هێشتا یەکەم پەرەگرافی ئاشتیمان نەنوسیووەتەوە، بۆیە قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیە بە ئاراستەی ئاشتی هێشتا زۆر لە سەرەتادایە، بەڵام پرۆسەی ئەمجارەی ئاشتی لە تورکیا جیاوازە بەراورد بە پرۆسەکانی پێشوو، تایبەتە بە تورکیا، بە دۆخی کورد، گوتی: من زۆر گەشبینم بە پرۆسەکە و پێم وایە پرۆسەیەکی باش دەبێت، هیوادارین بەشێوەیەکی ئەرێنی کۆتایی بێت.

 

نەبوونی متمانە
سەبارەت بەبوونی متمانە لە پرۆسەی ئاشتی، چاندار گوتی: بابەتی سەرنج ڕاکێش لە پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە، پرۆسەکە پاڵپشتییەکی گەورە و بەهێزی هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا باوەڕێکی کەم هەیە لەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت، بۆیە ئەمە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەن، لەکاتێکدا دیاربەکر تەواوی کورد لەوێ پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، ئەگەر پرسیارییان لێ بکەی کە ئایا پێتان وایە پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت، دەڵێن: نەخێر، دوو دڵین، ئەوان ڕاڕان، چونکە ئەزموونی ناخۆشییان هەبووە لەگەڵ ئەم جۆرە پرۆسانە و زۆر بێ ئومێد کراون بە سەرنەخستنی پرۆسەکە، زۆر بەڵێنیان پێدراوە و جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پاڵپشتیەکە بەرزە، بەڵام متمانەکە نزمە.

 

سەبارەت بە دروستکردنی متمانەش، چاندار گوتی: ئەگەر ئێم هەندێک دەرەنجامی زۆر کۆنکریتی ببینین، هیوادارین لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوو ئەوە ببینین، ئەو کات متمانەش دەگەڕێتەوە.

 

سەردانی ئیمڕاڵی
سەبارەت بە دەرەنجامی کۆنکریتی و بوونی متمانە بە پرۆسەی ئاشتی، ئەو ئەندام پەرلەمانەی دەم پارتی گوتی: ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە، یاخوود هەفتەی داهاتوو، ئەگەری هەیە سەردانێک هەبێت لە نوێنەرانی پەرلەمان لە حزبە جیاوازەکان، بچنە ئیمڕاڵی و قسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن، ئەمەش هەنگاوێکی باش و گەورە دەبێت، دووەم بابەتیش ئەوەیە، سەڵاحەدیین دەمیرتاش کەسێکی زۆر بەناوبانگە لەنێو بزووتنەوەی کورددا لە تورکیا، ئەو لەسەر هیچ دەستگیر کراوە، پێویستە ئازاد بکرێت، چونکە ئێستا سەڵاحەددین دەمیرتاش سیمبوڵە، ئازادکردنی ئەو دەبێتە متمانە لە پرۆسەکەدا، ئەو کاتە پرۆسەکە دەچێتە پێشەوە و عوسمان کەڤاڵەش ڕزگار دەکرێت، دوای ئەوە پێویستە یاسا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و پەکەکە پێناسەیەکی دیکەی بۆ بکرێت، ڕێگە بە چەکدارەکان بدرێت بگەڕێنەوە و تێکەڵ ببنەوە و بچنەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆیان، ئەمە ئەم قۆناغانەن کە لە داهاتوودا متمانە دروست دەکەن.

 

 چاوپێکەوتن لەگەڵ دەمیرتاش و ئۆجەلان
سەبارەت بە ڕێگەدان بۆ چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوە کرد، 20 ڕۆژ جارێک سەردانی دەمیرتاش دەکات، بەڵام کەیسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جیاوازە، ئۆجەلان ویستوویەتی من ببینێت و ناوی من چووە بۆ ئیمڕاڵی، حکوومەتی تورکیاش بیر لەوە دەکاتەوە ڕێگەم پێ بدەن بچمە ئیمڕاڵی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببینم، من چاوەڕێی ئەوە دەکەم، من بیستوومەتەوە کە ڕێگەم دەدەن بچم عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببینم، بەڵام لەگەڵ دەمیرتاش و کاڤاڵاش باسی ژیان و سیاسەت دەکەین هەر جارەی کە دەیانبینم، ئەوان پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتین، سەڵاحەددین دەڵێت: ئەگەر بێمە دەرەوە لەنێو خەڵکدا پشتیوانی ئەو پرۆسەیە دەکەم.

 

حکوومەتی کوردستان نەبووایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نەدەچووە پێشەوە
سەبارەت بە گوتەیەکی دەوڵەت باخچەلی، چاندار دەڵێت: ئەمە ئاماژەیەکی باشە و تەکان بە پرۆسەی ئاشتی دەدات، دەڵێت: ئەگەر هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا نەدەچووە پێشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بۆ پرۆسەکە گرنگە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.

 

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment