تۆنی كرووس بۆمبەكەی تەقاندەوە
رەخنە لە ڤینسیۆس دەگرێت
تۆنی كرووس، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید بۆچوونی خۆی لەبارەی هەڵسوكەوتی ڤینسیۆس جۆنیۆر ئاشكرا كرد و رایگەیاند لە رابردوو بەهۆی ڤینی شتەكان لە دژی ئێمە دەشكایەوە.
تۆنی كرووس، مایسترۆی ئەڵمانی 10 ساڵ بە درێسی ریال مەدرید یاری كرد لە نوێترین لێدوانی دا رایگەیاند رەفتارەكانی ڤینی زۆرجار زیانی لە تیپەكە دەدات.
کرۆس یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی ڕیاڵ مەدرید، 456 یاری بە درێسی ئەو یانە كرد و وەرزی ڕابردوو کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی هێنا.
كرووس لە شاری دۆسڵدۆرف لە میانەی بەشداریكردنی لە پرۆگرامێكی شیكاری تۆپی پێ، گوتی: زۆرجار بە ڤینسیۆسم گوتووە كە بەهۆی رەفتارەكانتەوە هەموومان ئازار دەدرێین و فشارمان كەوتووەتە سەر، بەڕوونی هەستمان كردووە یاریزانان و هاندەرانی بەرامبەر زۆرجاریش ناوبژیوانەكان لە داخی هەڵسوكەوتەكانی ڤینسیۆس شتەكانیان لە دژی ئێمە دەگۆڕین.
كرووس لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت: زۆرجار هەوڵم دەدا لەنێو یاریگا ڤینی ئارام بکەمەوە بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر یارییەکە بێت و كۆنترۆڵی خۆی لەدەست نەدات، زۆرجار پێم دەگوت: تۆ یاریزانێکی خەیاڵییت، پێویستیت بەو هەموو كاردانەوە و رەفتارانە نییە.
لەم وەرزە چابی ئالۆنسۆ تاڕادەیەك لە كۆنتڕۆڵكردنی ڤینسیۆس سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی یاریزانە لاوە بەرازیلییەكە تەنیا 3 كارتی زەردی وەرگرتووە، لەکاتێکدا لە دوو وەرزی پێشوودا 27 کارتی زەرد و چوار کارتی سووری بەڕوویدا بەرز كراوەتەوە.
گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس جونیۆر لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت، دەنگۆیەكی بەهێزیش هەیە ریال مەدرید لە كۆتایی ئەم وەرزە دەستبەرداری ڤینیسیۆس دەبێت و پێشوازی لەو ئۆفەرانە دەكات كە پێشكەشی دەكرێن.
