ماڵپەڕی INSARAG: لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی هاووڵاتییان دەکاتە فریادڕەسی کاتی کارەساتەکان

ماڵپەڕی فەرمیی گرووپی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان و ڕزگارکردن (INSARAG) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا تیشکی خستووەتە سەر هەنگاوێکی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی مرۆیی. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئامانجی سەرەکی گۆڕینی هاووڵاتیی ئاساییە بۆ فریادڕەسێکی خاوەن ئەزموون لە ساتە سەرەتاییەکانی کارەساتدا.

پڕکردنەوەی بۆشایی کاتە زێڕینەکان

ماڵپەڕی INSARAG لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، پڕۆژەکە لەسەر بنەمایەکی زانستیی ورد داڕێژراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کاتییەی لە نێوان ساتەوەختی ڕووداو و گەیشتنی تیمەکاندا دروست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی نێو ماڵپەڕەکە، لە کاتی ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە یان داڕمانی باڵەخانەکان، هەمیشە ماوەیەک بۆ گەیشتنی تیمە فریاگوزارییەکان و ئامێرە قورسەکان بوونی هەیە، بۆیە ئەو چەند خولەک و کاتژمێرەی سەرەتا بە کاتی زێڕین دادەنرێن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئامادەکردنی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ ئەوەی خۆیان دەستپێشخەری بکەن و بە شێوەیەکی زانستی مامەڵە بکەن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو.

هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و سروشتی مەشقەکان

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی ماڵپەڕی ئینساراگدا هاتووە، پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە پشتیوانیی ئاژانسی تەکنیکیی فریاگوزاریی فیدراڵیی ئەڵمانیا جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە وێستگە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە لە شارۆچکەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک ئەنجام دراوە،  تێیدا جەخت لەسەر بەشداریپێکردنی هەردوو ڕەگەز کراوەتەوە.

 بەگوێرەی وردەکارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، لەم مەشقانەدا بەشداربووان فێری کۆمەڵێک هونەری گرنگ دەکرێن کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی شوێنی ڕووداو، چۆنیەتیی دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر تیمەکان و قوربانییان، بەکارهێنانی تەکنیکی دەنگی و بینراو بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، هەروەها ڕاهێنان لەسەر ڕاگرتنی خوێنبەربوون و جێگیرکردنی دۆخی بریندار و جووڵاندنی تەنە قورسەکان بە شێوەیەکی سەلامەت.

ستراتیژییەک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر

ماڵپەڕە نێودەوڵەتییەکە ستایشی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگای حکوومەت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی INSARAG ، بڕیارە مۆدێلەکە فراوانتر بکرێت بۆ ناوچەکانی دیکە، چونکە بەرپرسانی ناوەندی قەیرانەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی وەبەرهێنان لە توانای مرۆیی و ئامادەکردنی هاووڵاتییان، کاریگەرترین ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی کارەساتەکان لە داهاتوودا.

 بەم شێوەیەش هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی کردەیی دەنێت بەرەو جێبەجێکردنی ستانداردە جیهانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی قەیران و کارەساتە سروشتییەکان.

لەم لینکەدا ڕاپۆرتەکە ببینە..

 
Fly Erbil Advertisment