پارتی ڕێ لە دزینی کورسیی پێکهاتەکان دەگرێت
لەگەڵ دەرکەوتنی هەوڵە ژێربەژێرەکان لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسیی عێراقەوە بۆ دەستکاریکردنی کورسیی بەدەستهاتووی کۆتای کریستیان و تورکمانەکان، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە توندی هاتە دەنگ و هۆشداری دەدات لەوەی هەر جۆرە یاریکردنێک بە دەنگی پێکهاتەکان، دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمی و بەهێزدا بەرانبەر بەو پیلانەی لە بەغداوە دەگوزەرێت، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی لایەنە عێراقییەکان کرد و دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن یاری بە ئەنجامی دەنگ و کورسیی پێکهاتەکان بکرێت.
هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتیش لە ڕاگەیەندراوێکدا هەمان هەڵوێستی دووپات کردەوە و ڕەتیکردەوە ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی پێشێلکردنی مافی کەمینەکان بدرێت.
وەرچەرخان لە دەنگی کریستیانەکان
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا کە لە یازدەی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، دەنگدەرانی کریستیان وێڕای فشارەکان، توانییان نوێنەری ڕاستەقینە و سەربەخۆی خۆیان هەڵبژێرن، بەمەش گورزێکی کەمەرشکێنیان لەو لایەن و گرووپە چەکدارانە وەشاند کە ساڵانێکە لەژێر ناوی جیاواز و بەتایبەت گرووپەکانی سەر بە (ڕەیان کلدانی)، کورسییەکانیان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی قۆرخ کردبوو.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کریستیانەکان سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆیان سەرخستووە، کە بریتین لە (سامی ئۆشانا لە دهۆک، کلدۆ ڕەمز لە هەولێر و عیماد یۆخەنا لە کەرکووک)، چاودێران ئەم ئەنجامە بە سەرەتای گۆڕانکارییەکی قووڵ لە هۆشیاریی دەنگدەری کریستیان و ڕەتکردنەوەی سەپاندنی نوێنەرایەتی لە ڕێگەی هێزی چەکەوە وەسف دەکەن.
مەترسییەکانی بەغدا و ئەزموونی ڕابردوو
سەرچاوەی نیگەرانییە توندەکانی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پێشینەیەکی خراپ لە بەغدا بۆ دژایەتیکردنی مافی پێکهاتەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارێکی مشتومڕهەڵگر کورسیی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لە 11 کورسییەوە بۆ 5 کورسی کەم کردەوە.
ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە و لە ڕێگەی دەستکاریکردنی ئەنجامەکانەوە، ئیرادەی پێکهاتەکان زەوت بکرێتەوە، بەڵام سەرکردایەتیی کورد جەخت دەکاتەوە کە شکست بە هەموو هەوڵێکی نایاسایی دەهێنن کە ئامانج لێی گەیاندنی کەسانی سەر بە ئەجێندای دەرەکی بێت بۆ پەرلەمان لەسەر حیسابی کۆتای پێکهاتەکان.
