بازاڕی ئاژەڵان لە ئاکرێ گەرمە؛ کڕینی مەڕ و بزن لە فرۆشتنی زیاترە

ڕۆژانە گۆڕەپانی ئاژەڵفرۆشانی ئاکرێ پڕ دەبێت لە کڕیار و فرۆشیار. ئەم جووڵە و قەرەباڵغییە دوای باران بارینی یەکەم جار دێت. بە گوتەی ئاژەڵداران، بازاڕەکە ئێستا زۆر گەرم و قەرەباڵغە.

محەممەد ساڵح، کە یەکێکە لەو خاوەن ئاژەڵانەی بۆ کڕینی مەڕ و بزن هاتووە تا ژمارەی ئاژەڵەکانی زیاد بکات، دەڵێت: "دوای باران بارین، بازاڕەکە باشتر بووە و خەڵک زیاتر بۆ کڕین دێن، نەک بۆ فرۆشتن." ئەو ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی بازاڕەکە خۆشە و کڕیار زۆرن.

نزار عەبدولڕەحمان، خاوەن ئاژەڵێکی دیکە، ئاشکرای دەکات، هاتنی باران کاریگەرییەکی باشی لەسەر کڕین و فرۆشتن داناوە. بازرگانەکان هیواخوازن، ئەمساڵ وەک ساڵی ڕابردوو نەبێت، کە ژمارەی ئاژەڵەکان کەم بووبوو. مەسعود عەلیش دەڵێت: "بازاڕ خۆشترە، خەڵکێکی زۆر بۆ کڕینی ئاژەڵ هاتوون. ساڵی پار تەنیا فرۆشتن بوو، بەڵام ئەمساڵ دوای باران کڕین زیاد بووە و بازاڕ خۆشترە."

ئەم جووڵە باشەی ناو بازاڕی ئاژەڵان نیشانەیەکی هیوابەخشە بۆ خاوەن ئاژەڵەکان. ئەوان دەیانەوێت ئاژەڵەکانیان نوێ بکەنەوە و ژمارەیان زیاد بکەن، چونکە باران واتای باشبوونی لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانە، کە شوێنێکی گونجاو بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکان دابین دەکات.

بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، ناوچەی ئاکرێ زیاتر لە 650,000 سەری ئاژەڵی تێدایە، و ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئاژەڵەکان لە زیادبووندایە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment