له هەولێر خولێکی تایبەت بۆ 60 جووتیار كرایهوه
بەرێوبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، خولێکی تایبەتی بۆ 60 جووتیاری سنوری پارێزگای هەولێر کردەوە، ئەم خولە کە ساڵانە بۆ جووتیاران ڕێکدەخرێت بە مەبەستی بایەخدان بە خۆئامادەکردن بۆ وەرزی چاندنی گەنم و جۆ بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا بەرهەمێکی باشیان هەبێت، جووتیارانی کوردستان چ ئەوانەی لە خولەکە بەشدارن و ئەوانەشی بەشدار نین لەو باوەرەدان ئەو ڕێنماییانە بە سوودە بۆ جووتیاران و دەخوازن ڕێژەی بەشدارییان زیاتر بێت.
عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ئەو قۆناغانەی لە سەرەتای چاندن گرنگە جووتیار بزانێت و وابکەین جووتیار کێڵگەیەکی باش بەڕێوە ببات و لە ئەنجامدا بەرهەمێکی باش بەدەست بهێنێت، شانبەشانی ئەو تەرز هاوردەکراوانە بێت، کە لەدەرەوەی وڵات بۆمان دێت.
ئەحمەد عەزیز، جووتیار گوتی: ئەو جۆرە سیمنارانە یارمەتی زۆری جووتیاران دەدات، ڕۆشنبیری جووتیار زیاتر دەکات، کە ئەوە پێویستییەکی گرنگە بۆ هەموو جووتیارێک.
دوای بارینی یەکەم بارانی پاییزی، جووتیارانی کوردستان بنەتۆی خۆیان دادەچێنن، عەلی جووتیارێکە لە شارەدێێ شەمامک و بەشداری هێج خولێکی نەکردووە، ساڵانە بە گوێرەی ئەزموون و خۆی کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە زەوییەکەی دەکێڵێ و ئامادەی کردووە بۆ چاندنی گەنمی ئەمساڵ.
عەلی ئەحمەد، جووتیار دەڵێت: ڕاستە من پێشوتر بەرچاو ڕوونیم هەبووە، بەلام سەردەمی ئێستا ڕوو لە گۆڕانکاری و پێشکەوتنە. ئامێری پێشکەوتوو هاتووە، دەبێت حکوومەت بەرچاوڕوونی و زانیاریمان پێبدات تاکوو بزانین چی باشە بیکەین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان یاخود زەوییە کشتوکاڵییەکان.
ڕێنماییەکانی تایبەت بە پشکنینی کێڵگە، چۆنیەتی پاراستنی بنەتۆ و شێوازی بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر ساڵانە بە جووتیاران دەدرێت و ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی لە داهاتوو پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستین.
