ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا دەکرێتەوە
بەرپرسی نووسینگەی شیفا بارزانی ڕایدەگەیەنێت، کردنەوەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە برۆکسل، بە ئامانجی دروستکردنی لۆبیی کوردی و کۆکردنەوەی تەواوی کوردستانییانە لەژێر یەک چەتردا.
قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی شیفا بارزانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی کردنەوەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا و ستراتیژیی داهاتووی کۆنفیدراسیۆنەکەی خستە ڕوو.
گرنگیی ناوەندەکە لە پایتەختی ئەورووپا
قارەمان عوسمان ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەم ناوەندە لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی. ئامانج لێی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و سیاسەتمەدارانی ئەو کیشوەرە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە دۆستی زیاتر بۆ دۆزی کورد پەیدا بکرێت.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم ناوەندە دەبێتە ماڵی کوردستانییان لەو وڵاتە، بۆ ئەوەی کێشە و داواکارییەکانیان بگەیەنن و بەدەنگیانەوە بچن.
![]()
لۆگۆی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ دیاسپۆرا
سەبارەت بە پەیامی سەرەکیی ئەم هەوڵانە، بەرپرسی نووسینگەی شیفا بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بەرنامەی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی گەلی کوردستان ئەوەیە، دیاسپۆرا خاوەنی چەترێکی نەتەوەیی بێت.
بەپێی ئەم دیدگایە، دەبێت کوردستانییان بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئایدۆلۆژی، سیاسی و ناوچەیی، لەژێر تاکە ڕەمز کە ئاڵای کوردستانە، کۆببنەوە و هەمووان باوەڕیان بەوە هەبێت کوردستان مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
هەوڵەکان بۆ یەکخستنی ڕەوەندی کوردستانی
قارەمان عوسمان ڕوونی کردەوە، لە ساڵی 2023ـەوە کە شیفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی دەستبەکار بووە، کار بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵە کوردستانییەکان کراوە، ئەم هەوڵانە بووە هۆی ئەوەی لە کۆنگرەی دووەمی کۆنفیدراسیۆنەکەدا لە دیسێمبەری 2024 لە ئەڵمانیا، زۆربەی ناوەند و فیدراسیۆنەکان بێنە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە.
چالاکییە کولتوورییەکان و نەورۆز
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قارەمان عوسمان باسی لەوە کرد، ئامانجیان پاراستنی زمانی کوردی و کولتووری نەتەوەییە لە دیاسپۆرا، لەم چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بە ئاهەنگی گەورەی نەورۆزی 2024ی شاری کۆڵن کرد وەک سەرەتایەک بۆ چالاکییەکان.
هاوکات ئاشکرای کرد کە ئامادەکاریی زۆر باشتر بۆ نەورۆزی 2026 کراوە و کۆبوونەوەی تایبەتی بۆ ئەنجام دراوە، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت ژمارەی بەشداربووانی کوردستانییان زۆر زیاتر بێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو
![]()
ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن-ئەڵمانیا (2024)
