باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق 50 ساڵە کرێی نەداوە
نەوەی خاوەنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، نامەیەکی ئاڕاستەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کردووە، داوای کردووە دەستوەردان لەو دۆسیە یاساییە بکات کە لە دادگای پاریس بۆ وەرگرتنەوەی مافی چەند ساڵەیان تۆماریان کردووە.
هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، فیلیپ خوزام، یەکێک لە میراتگرانی خاوەن باڵەخانەی باڵیۆزخانەی پێشووی فەرەنسا لە عێراق، لە نامەیەکدا بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، نووسیویەتی، جەنابی سەرۆک، هەرگیز نەدەبوو بگەینە ئەم ئاستە، ئێمە داوای نزیکەی 21.5 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو لە حکوومەتی فەرەنسا دەکەین، ئەمەش بەهۆی نەدانی کرێی باڵەخانەکەمان بۆ ماوەی نزیکەی 50 ساڵ.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان خاوەنی دێرینی باڵەخانەکەن، جووی عێراقین، لە کۆتایی ساڵی چلەکاندا ناچاربوون عێراق بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ کەنەدا، دوای چەند ساڵێک باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، ساڵی 1964 گرێبەستی بەکرێگرتنی لەگەڵیان واژۆ کردوە و باڵەخانەکەی بە کرێ لێگرتوون.
فیلیپ خوزام، جەختی لەوەکردووەتەوە، باڵەخانەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا موڵکی بنەماڵەی ئەوانە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 50 ساڵە، چەندین جارداواکاریمان ئاڕاستە حکوومەتی فەرەنسا کردووە، بەڵام فەرەنسا ڕەتیدەکاتەوە قەرەبووی خێزانەکەم بکاتەوە.
باسی لەوەشکردووە، بە بیانووی داگیرکردنی نایاسایی موڵکەکەمان، دەپرسم، بۆچی حکومەتەکەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە عێراق - نەک فەرەنسا - دەسەڵاتی تایبەتی بەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەتدا هەیە؟ ئەوە ئاشکرایە کە فەرەنسا ناتوانێت موڵکێکی ئەم شێوەیە داگیربکات، دڵنیام لە قووڵایی دڵتەوە لەگەڵ ئێمە هاوڕایت، هەروەها داوای لە ماکرۆن کردووە دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی حکومەتی فەرەنسا بەبێ دواکەوتنی زیاتر قەرەبووی خێزانەکەیان بکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا کە دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، حکوومەتی فەرەنسا ڕێککەوتنی بە کرێگرتنی ئەو موڵکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق واژۆ کردووە، چونکە خاوەنە دێریینەکانی ئەو باڵەخانەیە بەپێی یاساکانی عێراق، سەبارەت بەو جولەکانەی وڵاتەکەیان جێهێشتووە، مافی خاوەندارێتییان لێوەرگیراوەتەوە.
ژان پیێر مێنارد، پارێزەری داواکاران، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بەداخەوە حکوومەتی فەرەنسا باڵەخانەیەکی داگیرکردووە کە هی خۆی نییە، ئەو پارێزەرە لە مانگی ئایاری 2025، سکاڵای یاسایی لە دادگای کارگێڕی لە پاریس تۆمارکرد، دواتر لە شوباتی 2025، داوای دانیشتنی خێرای دادگای کرد، بەپێی وتەی مێنارد، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنەکە دیارینەکراوە و دیاریش نییە حکوومەتی فەرەنسا مافی خاوەن موڵکی باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق دەداتەوە یاخود نا.
