هەسەدە 70 ناوی پێشکەشی دیمەشق کردووە
سەرچاوەیەکی باڵا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ دیمەشق، لیستی ناوی زیاتر لە 70 فەرماندە و بەرپرسیان ئاراستەی حکوومەتی سووریا کردووە تاوەکو پۆستی ئیداری و سەربازییان لە ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتەدا پێ ببەخشرێت و لە ئێستاشدا چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی دەکەن.
کۆبوونەوەکان و پلانی تێکەڵکردنەوە
بەپێی زانیارییەکان، مانگی ڕابردوو دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە دیمەشق بەڕێوەچوون کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە تێیدا بەشدار بووە، ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە بەرهەمدار وەسف کراون و تێیاندا ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا کراوە.![]()
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
دۆخی دێرەزوور و ڕەققە
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە دێرەزوور، بڕیارە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور ببێتە بەشێک لە سوپای سووریا، بەو مەرجەی تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێت و پلەی سەربازیی فەرمی بە فەرماندەکانی بدرێت، هاوکات ئەنجوومەنی مەدەنیی شارەکەش لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا دەتوێتەوە و بەرپرسانی هەسەدە پۆستی ئیدارییان پێ دەدرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەمان سیناریۆ بۆ شاری ڕەققە لە ئارادایە، بەڵام تا ئێستا ناکۆکی لەسەر ناونانی پرۆسەکە هەیە، هەسەدە وەک لامەرکەزییەت دەیبینێت و دیمەشقیش تێبینیی لەسەر ئەو دەستەواژەیە هەیە.ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار
گۆڕانکارییە دەستوورییەکان
لە بەشێکی دیکەی لێک تێگەیشتنەکاندا کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی بنیات نراوە، حکوومەت ڕەزامەندیی نیشان داوە دەستکاریی ئیعلانی دەستووری بکات، ئەم گۆڕانکارییانە بە مەبەستی جێگیرکردنی دوو خاڵی سەرەکین: یەکەمیان مسۆگەرکردنی بەشداریی سیاسیی هەموو سوورییەکان لە قۆناغی دوای لابردنی بەشار ئەسەد، دووەمیان دانپێدانانی فەرمی بە کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سووریا.
هەروەها ڕێککەوتنەکان پرسی ئیدارەدانی دەروازەکان، سامانە سروشتییەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕەتکردنەوەی دابەشبوونی وڵات لەخۆ دەگرن.![]()
دیمەشق، پایتەختی سووریا
ئاسۆی گفتوگۆکان
دوای گەڕانەوەی مەزڵووم عەبدی لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی دیمەشق دەکات بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان، فەرماندەی هەسەدە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دهۆک جەختی لەوە کردەوە کە سووریا بۆ سیستەمی مەرکەزیی جارانی ناگەڕێتەوە و هەرچەندە گفتوگۆکان بە هێواشی دەڕۆن، بەڵام هەنگاوی جێگیر دەنێن و پێشبینیی پێشکەوتنی زیاتر تا کۆتایی ئەمساڵ دەکرێت.

