وەزارەتی خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هەنگاریا ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، 30 زەمالەی خوێندنی (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتی هەنگاریا، بۆ هاووڵاتییان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) ڕاگەیاند، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە (30) دەرفەتى خوێندن (10 ماستەر و 20 دکتۆرا) پێشکەشی فێرخوازان، مامۆستایان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

مەرج و ڕێنماییەکانی پێشکەشکرد:

- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت تا (2026/9/1) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. 

- بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردوە.

- خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە.

- لەکاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە ڕەسەنەکان بە وەزارەتەکەمان پێویستە تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.

- ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندووە، لە کاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات. (واتا بۆ خوێندنی ماستەر؛ بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا؛ دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت).

- ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت؛ واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

- لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نوسراوی لاری نەبوون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکات.

- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بڕی نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا مانگانە بری نزیکەی (355 - 460) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابین دەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت. (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن).

- دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی لە لایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمایی ڕێنمایی ژمارە (5) ی سالی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.

- ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بووەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.

- ئەگەر کاندید پاشگەزبووەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرامبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاری پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.

- هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەت بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی ڕەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.

- دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (2026/1/15). 

- ئەو خوازییارانەی دکتۆرا کە پێشتر بۆ خۆیان قبووڵی خوێندنیان وەرگرتووە یان ڕەزامەندیی سەرپەرشتیاریان بە دەست هێناوە، هەلی وەرگرتنیان لەم سکۆلەرشیپە زیاترە.

- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ تەنیا لە ڕێگەی ماڵپەری سەرەکی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت

بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەشکردن، تکایە سەردانی ئەم لینکە بکەن

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەرێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەت هیچ فایلی لەبەر دەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە لە ڕێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن."

هەروەها بۆ زانیاری تەنیا ئەو زانکۆ و پسپۆڕییانەی کە لە سیستەمەکە بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کراوەیە، دەکرێت داواکاری پێشکەش بکرێت.

بۆ بینینی خشتەی بەراوردکاری زمانى ئینگلیزى، کلیک لەم لینکە بکەن

 
 
Fly Erbil Advertisment