حەماس بۆ چوونە ناوەوەی هێزی ئاشتیپارێزیی نێودەوڵەتی مەرجی هەیە

گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند، حەماس ئامادەیە پێشوازیی لە هێزی ئاشتیپارێزیی نێودەوڵەتی بکات، بەو مەرجەی ئەو هێزە بە کردار بتوانێت خەڵکی مەدەنیی غەززە بپارێزێت و ڕێگریی لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بکات. 

 دووشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2025، حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، بە کەناڵی 'جەزیرە'ـی ڕاگەیاندووە "قۆناغی دووەمی ئاشتیی کەرتی غەززە، زۆر بابەتی گرنگ لەخۆ دەگرێت؛ یەکێک لەوانە، هاتنی هێزی ئاشتیپارێزە. لەوبارەیەوە هەڵوێستی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە، دەبێت کاری سەرەکیی ئەو هێزە پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بێت، چونکە ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا دەستی لە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی هەڵنەگرتووە. 

گوتەبێژەکەی حەماس، ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی کەرتی غەززە، بۆردوومان و هێرشەکانی ڕانەگرتووە، جگە لە ناوچەی هێڵی زەرد، بەردەوام هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەکانی دیکەش، هەروەها ڕۆژانە دەیان مەتر لەو ناوچەیە زیاد دەکات کە بە هێڵی زەرد ناوی دەبەن، ئەمەش جۆرێکی دیکەیە لە پێشێلکاری و داگیرکاری بەردەوام لە لایەن ئیسرائیلەوە. 

حازم قاسم، جەختی لەوە کردووەتەوە، کاری سەرەکی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی ئەوەیە، دەبێت جیاکاری تەواو بکات لە نێوان خەڵکی مەدەنی و هێزە چەکدارەکان و سوپای ئیسرائیل، هەروەها دەبێت بە تەواوی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ڕابگرێت. 

ئەو هەروەها، ڕوونی کردووەتەوە، لە سەرەتاوە هاوکاری هەموو لایەنێک و هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بووین بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایشی تەواوەتی لە ناوچەکە بهێنینە دی، بەڵام لایەنی بەرانبەر ئەوەی ناوێت، لە بەردەوامی پێشێلکاری و هێرشەکانیدا ئەو نیەتە بەدی دەکرێت. 

قسەکانی حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، لە کاتێکدایە شاندی حەماس لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەردانی قاهیرەیان کرد، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کۆتایی قۆناغی یەکەمی ئاشتی کەرتی غەززە، هەروەها ئامادەییان دەبڕیوە بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەمی پرۆسەکە لەگەڵ ئیسرائیل. 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment