پۆلیسی هەولێر کۆتایی بە سەرکێشیی دوو تۆمەتبار دەهێنێت

دوای ئەوەی دیاردەی شکاندنی شوشە و دەرگای ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و دزینی کەلوپەلەکانیان نیگەرانی لێکەوتەوە، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکی چڕ و خێرادا، توانیان دوو تاوانبار دەستگیر بکەن کە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان چەکیان بەکارهێناوە و یەکێکیشیان خاوەنی پێشینەی تاوانکارییە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوای وەرگرتنی سکاڵای ژمارەیەک لە هاووڵاتییان سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان و بردنی پارە و کەلوپەلە بەنرخەکانیان، دەستبەجێ تیمەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ڕاسپارد بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، هێزەکانی پۆلیس توانیان لە ماوەیەکی پێوانەییدا ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن کە دەرکەوت بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان سوودیان لە چەکی سپی و دەمانچە وەرگرتووە بۆ شکاندنی دەرگا و جامی ئۆتۆمبێلەکان.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەم تاوانبارانە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاریان کردووە و یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کەسێکی ناسراوە بەوەی پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتریش لەسەر تاوانی دیکە سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.

لەم چوارچێوەیەدا پۆلیسی هەولێر وێڕای دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان لە پاراستنی سەروماڵیان، داوایان لێدەکات لەپێناو بەرقەراربوونی زیاتری ئاسایش لە کاتی تێبینیکردنی هەر حاڵەتێکی گوماناوی یان ڕووداوێکی نەخوازراو، بە خێرایی پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە بکەن تاوەکو ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment