هەولێر.. وەرزێکی نوێ لە نمایشکردنی فیلم دەستی پێکرد

بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، دەڵێت: لە وەرزی زستان گۆڕانکاری لە چالاکییەکانمان دەکەین، جگە لە فیلمی کوردی، بگرە هەندێک لەو فیلمە ڕەسەن و جوانانەی وڵاتانی بێگانە، لە ڕێگەی کونسوڵخانەی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت بونیان هەیە دەرفەت بەوانیش بدەین، بۆ ئەوەی تێکەڵکێشیێک لە بواری سینەمادا لە ڕووی هونەرەوە ئەوان لە زمانی ئێمە تێبگەن و ئێمەیش لە زمانی ئەوان تێبگەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، وەرزێکی نوێ لە نمایشکردنی فیلم لە هەولێر، لە ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵ دەستی پێکرد، چوار فیلمی هێڤار عومەر، دەرهێنەر، نمایش کران و دواتریش لە لایەن ئیدریس عەبدی، دەرهێنەرەوە خوێندنەوە بۆ فیلمەکان کران، ئەو چالاکی فیلمە هەموو چوارشەممەیەک بە نمایشکردنی فیلمێک بەردەوامی بە کارەکانی خۆی دەدات.

شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: جگە لە فیلمی کوردی بڕیارە بانگهێشتی فیلمی بیانیش بکەین، بۆ ئەوەی ئەوان ئاشنای فیلمی ئێمە بن و ئێمەیش ئاشنای فیلمی ئەوان بین.

بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، لە بارەی چالاکییەکانی هەفتانەی نمایشکردنی فیلم لە هەولێر، گوتی: ئێمە چالاکییەکانمان بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی سێ هەفتە ڕاگرت، ئەویش بە بۆنەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەر لەسەر داوای ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە چالاکییەکانمان ڕاگرت. ئێمە ئێستا دەستمان بە چالاکییەکانمان کردووەتەوە، ئێمە لەسەر چوار وەرز کار دەکەین، مانگی 9، 10 و 11 وەرزی پاییزەیە، ئێمە چالاکییەکانمان لە وەرزی پاییزە ڕاگرتبوو، ئێستا ئێمە درێژە بە وەرزی پاییزە دەدەین کە ئەو هەفتە کۆتا هەفتەی وەرزی پاییزەیە کە تێیدا فیلم نمایش دەکرێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەچینە ناو وەرزی زستانە و درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەینەوە.

دەشڵێت: لە وەرزی زستان گۆڕانکاری لە چالاکییەکانمان دەکەین، کە جگە لە فیلمی کوردی، بگرە هەندێک لەو فیلمە ڕەسەن و جوانانەی وڵاتانی بێگانە، لە ڕێگەی کونسوڵخانەی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت بونیان هەیە دەرفەت بەوانیش بدەین، بۆ ئەوەی تێکەڵکێشێک لە بواری سینەمادا لە ڕووی هونەرەوە ئەوان لە زمانی ئێمە تێبگەن و ئێمەش لە زمانی ئەوان تێبگەین. هەروەها هەوڵ دەدەین بە پێی ویستی دەرهێنەرەکان کە فیلمەکانیان نمایش دەکرێن، خوێندنەوە بۆ فیلمەکان بکرێن.

ناوبراو زیاتر گوتی: ئێمە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی داهاتوو، ڕاپرسییەکمان ئامادە کردووە و دابەشی سەر ئامادەبووانی ناو هۆڵەکەی دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەو ئامادەبووانە چیدیکەیان دەوێت لە ئێمە، چونکە ئێمە هۆڵەکەمان بێ بەرامبەر دابین کردووە و هەموو چوارشەممەیەک دەبێت فیلمێک هەر نمایش بکرێت و نابێ فیلم نەبێ، چونکە ئێمە پرۆژەکەمان بە ناوی "سینەما و جەماوەر"ـە، واتە هەموو کەس و لایەنێک بۆی هەیە و دەتوانێت بێت بەشداری ئەو چالاکییە بکات و بینەری فیلمەکان بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە چالاکی وەرزی نمایشکردنی فیلم لە هەولێر، هەموو چوارشەممەیەک لە ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵ بەڕێوە دەچێت و هەر هەفتەی فیلمێک نیشان دەدرێت، ئەوانەی ئارەزووی سەیرکردنی فیلمیان هەیە دەتوانن بێ بەرامبەر بینەری فیلمەکان بن.

 

 

 

Fly Erbil Advertisment