هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

پەیامنێری کوردستان24 گوتی: کەمێک لەمەوبەر بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک لەمەوبەر بە درۆن دوو جار هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.

باسی لەوەش کردووە، لە کێڵگەکە بەردەوام زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدرێت، هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاوە.

پەیامنێری کوردستان24 ، ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانەوە کۆگایەکی غاز گڕی گرتووە و ئاگرێکی گەورەی لێ بەرز دەبێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەوەش تەقەیان لێ کرابوون.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.