هێرشەکەی کۆرمۆر پشکی دانەغازی دابەزاند و نرخی گازی بەرزکردەوە

لێکەوتەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق نەبوو، بەڵکوو لێکەوتەی ئابووریی و دارایی لە ئاستی جیهاندا لێکەوتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دێسکی ئابووریی کوردستان24 بێجگە لەو کێشەیەی لە کەرتی وزە و کارەبادا هاتووەتەئاراوە، هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بووەتە هۆی چەند گۆڕانکارییەک لە بازاڕی وزە و بەهای پشکەکاندا.

هێرشەکە کاریگەری لەسەر بەهای پشکەکانی کۆمپانیای دانەغاز هەبووە، بەشێوەیەک کە لەدوای هێرشەکەوە بەهای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە بەڕێژەی 2.14 لەسە دابەزیوون ئەوەش بەهۆی ئەوەیە بەشێکی زۆر لە داهاتی کۆمپانیاکە لە بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر دەستیدەکەوێت.

بازارەکانی وزەی جیهانیش بێبەش نەبوون لە لێکەوتەکانی هێرشەکە بەشێوەیەک کە نرخی گازی سروشتی بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، لەدوای هێرشەکە نرخی گاز لە جیهاندا بۆ چوار دۆلار و 61 سەنت بەرزبووەوە، لەکاتێکدا کە پێش هێرشەکە چوار دۆلار و 23 سەنت بوو.

کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە وەبەرهێنانی تێدا کرابێت، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی وزەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی غازی شل بۆ ماڵان، درەنگانێکی شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەکە و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیرا.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025یش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
 

 
Fly Erbil Advertisment