فازڵ میرانی: ئەو هێرشانە جەنگی دژی سەقامگیرین و کاتی ئەوەیە دەوڵەت بیسەلمێنێت لە گرووپەکان بەهێزترە
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نووسینێکدا بە ناونیشانی (دەوڵەت لەژێر بۆردوماندایە)، هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەرخەری ڕاستییەکی تاڵە کە لاوازیی سەروەریی دەوڵەت نیشان دەدات و دەشپرسێت: ئایا حکومەت لە هێزە ناوخۆییەکان لاوازترە؟
لە وتارەکەیدا، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناردنی شاندی ئەمنی لەلایەن بەغداوە جێگەی پێزانینە، بەڵام هاووڵاتیان چاوەڕێی ئەنجام و پاراستنی سەروەت و سامانەکەیانن، نەک تەنها سەردان، ناوبراو دەنووسێت: ئەمە یەکەم بۆردومان نییە، دوا بۆردومانیش بوونی بەندە بە بوونی سەروەریی و هێزی دەوڵەت لە ناوخۆ و ناوچەکەدا.
فازڵ میرانی دۆخەکە بە جەنگێکی بەردەوام دژی سەقامگیری وەسف دەکات کە دژی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە مووشەکبارانەوە تا هێرشی درۆنی و تەنانەت پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان.
میرانی دەڵێت: لەو هێرشەدا ڕاستییەکی تاڵ دەرکەوت، ئایا ئێمە لەبەردەم هێزێکی ناوخۆیی ئەوەندە بەتواناداین کە نەبوونی بەرگریی و کەلێنی گەورەی سەروەری دەقۆزێتەوە بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی عێراق؟ ئەگەر هێزەکە دەرەکیش بێت، ئەوا کارەساتەکە گەورەترە.
سەبارەت بە ئەنجامدەرانی هێرشەکە، فازڵ میرانی بە زمانێکی توند دەڵێت: ئەوەی کۆرمۆری بۆردومان کرد، هیچ بەهایەک بۆ یاسا دانانێت و سەر بە عێراقی نوێ نییە، بەڵکو جێبەجێکاری بیرێکی تاریکە و بە ئەنقەست زیان بە سەروەت و سامانی عێراقییەکان دەگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانە دەرگای بێمتمانەیی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانی زیاتر دەکەنەوە، میرانی ڕەخنە لە تەنها دەرکردنی بەیاننامە دەگرێت و دەڵێت: بەیاننامەی ئیدانەکردن بەس نین، یاسا ڕێگەی بە دەسەڵات داوە بەرگری لە هاووڵاتیانی بکات.
هەروەها دەپرسێت: هیچ پاساوێک بۆ حکومەتێک نییە کە بانگەشەی سەروەری دەکات، بەڵام کردەوەکانی نیشانی دەدەن کە لە هێزە ناوخۆییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لاوازترە.
فازڵ میرانی داوا دەکات، ئەم دەستدرێژییە ببێتە هۆی جووڵەیەکی خێرا و کردەیی: دەبێت ئیرادەی نیشتمانی لە وشەوە بگۆڕێت بۆ کردار و کەرەستەی سەربازی، تا چیتر لە بەردەم هەڵگرانی چەکی دەرچوو لە یاسا، دەستەوەستان نەبێت.
