خەمیس خەنجەر: هێرشەکەی کۆرمۆر زەنگێکی مەترسیدارە و دەبێت کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیاکان بهێنرێت

خەمیس خەنجەر
خەمیس خەنجەر

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە کاردانەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هۆشداری دەدات لەوەی عێراق لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە و چیتر ناکرێت لە ئاست گرووپە چەکدارەکان بێدەنگی هەڵبژێردرێت، هەروەها داوا دەکات بە دیدگایەکی نیشتمانییانە کۆتایی بە هەژموونی چەکی دەرەوەی یاسا بهێنرێت و ڕێگە نەدرێت ئەجێندای دەرەکی شوێنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکان و بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، خەمیس خەنجەر بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیەی کرد و بە کردەوەیەکی تیرۆریستی وەسفی کرد.

 بە بڕوای خەنجەر، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە کە بەپەلە و بەشێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات و دەستەکان و لایەنەکانی پشت ئەم ئاژاوەیە ئاشکرا بکات، هەر کێیەک بن و سەر بە هەر لایەنێک بن، تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە ئاماژەی بەوە داوە، ئەوان ماوەیەکی زۆرە داوای کۆتاییهێنان بە دۆسیەی چەکدارانی دەرەوەی یاسا دەکەن، چونکە بوونی ئەم هێزانە بووەتە هەڕەشەی جددی بۆ سەر سەقامگیریی عێراق و تێکدانی ئابووریی وڵات و شێواندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

خەنجەر لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ڕەهەندێکی دیکەی مەترسیدار و ڕوونی کردووەتەوە، تەنها کێڵگە نەوتی و غازییەکان ئامانج نین، بەڵکو هاووڵاتییان لە ناوچەکانی وەک پشتێنەی بەغدا، باکووری بابل، ڕۆژهەڵاتی دیالە و پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا، ڕۆژانە ڕووبەڕووی پەلامار و گوشار دەبنەوە. ئەو گوشارانەش لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زار و دەرکردنی دانیشتوان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەوە ئەنجام دەدرێن.

بەپێی بەیاننامەکە، ئەو هێزانە بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان پەنا بۆ شێوازی جۆراوجۆری سەربازی دەبەن، لە مووشەکباران و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە تا دەگاتە تیرۆر بە چەکی بێدەنگ و پیادەکردنی سیاسەتی جیاکاریی تایفەگەری.

خەمیس خەنجەر جەختی لەوە کردووەتەوە، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە، چارەسەرێک کە تەنها لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکی دەوڵەت و سەروەریی دامەزراوەکان دێتە دی، نەک خۆڕادەستکردن بەو چەکە تایفەگەرییەی کە بڕیارەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانەوە وەردەگرێت.

 
Fly Erbil Advertisment