قەهار شێخانی کتێبی 'شیعری پەنجەرە شکاوەکانی پاییز'ـی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەم، شاعیر و نووسەر قەهار شێخانی، لە کۆڕێکدا ناساندنی بۆ یەکەم کتێبی شیعری خۆی بەناوی "پەنجەرە شکاوەکانی پاییز" کرد و چاپ و بڵاوی کردەوە.

شاعیر و نووسەر قەهار شێخانی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی، بۆ کوردستان24 گوتی: کتێبەکەم 60 شیعری تێدایە، بەشێک لەو شیعرانەم لەلایەن هونەرمەندانەوە کراوە بە گۆرانی، هەروەها بەشێک لە شیعرەکانی تری ناو کتێبەکەم نەکراوەتە گۆرانی، بەڵام لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو بووەتەوە.

دەشڵێت: کۆمەڵێک شیعرن کە زادەی بیرکردنەوە و ئێش و ئازاری منن، ئەو شیعرانە سەرەتای نووسینی منن، پێم خۆش نەبوو بە لاوەیان بنێم یاخود شیعری تر بڵاو بکەمەوە، بۆیە وەکوو کتێب ویستم ئەو شیعرانەم بڵاو بکەمەوە کە لە ڕابردوودا نووسیومە، لە داهاتوودا شیعرەکانی تریشم دەکەمە کتێب و بڵاوی دەکەمەوە.

شاعیر و نووسەر قەهار شێخانی لە ساڵی 1989دەستی بە شیعر نووسین کردووە و لە ساڵی 1998 یەکەم شیعری بۆ منداڵان بڵاو کردووەتەوە، ساڵی 1999 یەکەم بەرهەمی شیعری خۆی لەژێر ناوی (فرمێسکی شیعر) بڵاو کردووەتەوە، ئێستاش نوێترین کتێبی شیعری خۆی بەناوی "پەنجەرە شکاوەکانی پاییز" بڵاو کردووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment