سەباح نوعمان: لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێرشی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێن
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو لیژنە باڵایەی بە فەرمانی محەممەد شیاع سودانی پێکهێنراوە، بە شێوەیەکی مەیدانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستبەجێ کارەکانیان دەست پێ کردووە، جەختیش دەکاتەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا دەرئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنن.
سەباح نوعمان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی ئاشکرای کرد، لیژنەکەی لێکۆڵینەوەکە بە مەبەستی وردبوونەوە لە وردەکاری و هۆکارەکانی ڕووداوەکە، سەردانی مەیدانییان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر کردووە و دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە.
بە گوتەی نوعمان، کارەکانی لیژنەکە زۆر بە چڕی بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی دەستبەجێ دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان ئامادە بێت و بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرا بکرێت.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هەینی، وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک بەشێک لە لیژنە باڵاکە گەیشتنە کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکە کە شەوی چوارشەممە بە درۆن ئەنجام درا، بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبا، ئەمەش کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و حکوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە بە هاوکاریی هاوپەیمانان بکەرانی ئەم هێرشە ڕاوەدوو بنێت.
