ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بارەی چارەسەریی نەزۆکی ڕێنمایی بڵاو دەکاتەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ یەکەمجار ڕێنماییەکانی بۆ بەهێزکردنی خۆپاراستن و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەزۆکی بڵاوکردەوە، کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا هەیە.

پاسکال ئالۆتی، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی سێکسی و زاوزێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕایگەیاندووە، لە هەر شەش کەس لە جیهاندا یەکێکیان لە ماوەی ژیانیدا تووشی نەزۆکی دەبێت.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم کێشەیە کاریگەریی لەسەر تاک و هاوسەرەکان هەیە لە هەموو ناوچەکان، هەروەها بە بێ جیاوازی ئاستی داهات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دەست گەیشتنی چاودێری سەلامەت و گونجاو تاڕادەیەکی زۆر نایەکسانە".

باسی لەوەش کردووە، " کێشەی نەزۆکی بۆ ماوەیەکی زۆرە پشتگوێ خراوە، وڵاتان و پزیشکان و کۆمەڵەی نەخۆشەکان داوای ڕێنمایی ڕوون دەکەن، ئەم ڕێنماییە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو و بەڵگەدار دابین دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چارەسەرەکانی منداڵبوون سەلامەتن و کاریگەرن، هاوکات بەدەستهێنانی بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی ئاسانە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەزۆکی نەخۆشییەکی سیستەمی زاوزێی نێر یان مێیینەیە، بە نەتوانینی دووگیانبوون دوای 12 مانگ یان زیاتر لە جووتبوونی سێکسی ڕێکوپێک و بێ پارێزراو پێناسە دەکرێت، ئەم حاڵەتە دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەحەتی دەروونی بەرچاو و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی، جگە لە بارگرانی دارایی کاتێک هاوسەران هەوڵی وەچە خستنەوە دەدەن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە زۆرێک لە وڵاتان، نەخۆشکان قورسایی تێچووی پشکینن و چارەسەرەکان لە ئەستۆ دەگرن و ناچارن پارەیەکی زۆر خەرج بکەن، لە هەندێک بارودۆخدا، دوو هێندەی تێکڕای داهاتی ساڵەنەیان لە یەک خولی چارەسەرکردن خەرج دەکەن. 

ئەمڕۆ هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، 40 پێشنیازی بڵاوکردەوە کە داوای تێکەڵکردنی توانای منداڵبوون دەکات لە ستراتیژییە تەندروستییە نیشتمانییەکان و خزمەتگوزارییەکان و بودجەدا، ئەم پێشنیازانە ڕێنماییەکان بۆ پێشکەشکردنی چاوەدێری کلینیکی کاریگەر، لە دەستنیشانکردنەوە تا چارەسەرکردن، دەخەنە ڕوو.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لەسەر گرنگی دەستنیشانکردنی نەزۆکی پیاوان کردووەتەوە، کە زۆرجار چاوپۆشی لێ دەکرێت، هەندێک جار تەنیا ڕێنمایی سادە پێشکەشی پیاوان دەکرێت لە بارەی منداڵبوون، بە بێ چارەسەرکردنی گونجاو و چالاک.

ڕێکخراوەکە پێشنیازی زیادکردنی وەبەرهێنان دەکات بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی بۆ نەزۆکی، لەوانەش هەوکردنی سێکسی چارەسەرنەکراو و جگەرەکێشان.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی وڵاتانی جیهان دەدات، کە ئەم پێشنیازانە لەگەڵ چوارچێوەی ناوخۆیی خۆیاندا بگونجێنن و چاودێری پێشکەوتنەکان بکات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment