فەرهاد پیرباڵ: یەکەم شیعرم لەسەر سەرتاشێک نووسی، چونکە پرچی ناشرین چاککردم

نووسەر و ڕووناکبیر، فەرهاد پیرباڵ
نووسەر و ڕووناکبیر، فەرهاد پیرباڵ

نووسەر و ڕووناکبیر، فەرهاد پیرباڵ لە هەولێر کوڕێکی شیعری ساز کرد، لەو کۆڕەدا جگە لە خوێندنەوەی کۆمەڵێک شیعری، باسی سەرەتای قۆناغی شیعر نووسین و خوێندنەوەی خۆی کرد. 

کۆڕی شیعر خوێندنەوەکەی فەرهاد پیربال ئەمڕۆ هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025، لەلایەن کتێبخانەی ئاشتی لە هۆڵی میدیای هەولێر سازکرا و نووسەر گوتی: تەمەنم 13 ساڵ بوو کە یەکەم شیعرم نووسی، ئەویش لەسەر سەرتاشێک بوو کە زۆر ناشرین سەری بۆ چاک کردم.

هەروەها دەربارەی کۆڕە شیعرییەکەی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمڕۆ باسی ئەزموونی شیعری خۆم کرد، لەهەر قۆناغێکی ئەزموونی شیعریم نموونەیەک دەهێنمەوە، من لەبیرمە تەمەنم 13 ساڵان بوو کە یەکەم شیعرم نووسی، ئەو کاتەی کە دایکم منی بردە لای سەرتاش، پرچمی زۆر ناشرین چاک کرد، کە لە ئاوێنە سەیری خۆم دەکرد زۆر دەترسام، بۆیە شیعرێکم لەسەر ئەو سەرتاشە نووسی، ئینجا دۆڵابێکم هەیە هێشتا نەمکردۆتەوە چونکە زۆر دەترسم، لەبەر ئەوە پڕە لە بیرەوەری و هەتا ڕۆمانێکم تێدا هەڵگرتووە، کە تەواوم نەکردووە، تەنیا شێرزاد حەسەنی کوڕی خاڵم بۆی هەبوو دۆڵابەکەم بکاتەوە، ئەویش تەنیا کتێبی دۆستۆفسکی دەبرد و دەیخوێندەوە، هەر بۆیە دۆڵابەکەم قوفڵ دابوو نەمکردبووەوە تا لە ئەورووپا هاتمەوە.

فەرهاد پیرباڵ باسی لەوەش کرد کە  زۆر بە شیعرەکانی نالی و سالم سەرسامە بووە، بەڵام کاریگەرترین شاعیر بۆی فروغی فەرۆخزاد بووە، دەڵێت: یەکەم دیوانی شیعری خۆمم لەژێر کاریگەرییەکانی فروغ نووسیوە، من شیعرەکانی فروغم بەدەست دەنووسیەوە بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێت، بۆیە ئامۆژگاری گەنجە شاعیرەکانی ئێستا دەکەم، شیعر تەنیا نەخوێننەوە، بەڵکو بینووسنەوە، چونکە لەبیریان ناچێت.

گوتیشی: بیرمە جارێک لە قوتابخانە ویستم لە دەرسێک غەش بکەم، لەسەر وەرەقەیەک نووسیمەوە، دواتر هەستم کرد لە مێشکم نووسینەکە مایەوە بۆیە غەشەکەم فڕێدا.

فەرهاد پیرباڵ لەساڵی 1961 لەهەولێر لەدایکبووە، فەیلەسووف، شاعیر، نیگارکێش، گۆرانیبێژ، ڕەخنەگر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی کوردە.

 فەرھاد پیرباڵ ساڵی 1984 زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، ھەمان ساڵ چووەتە ڕیزی یەکێتیی نووسەرانی شاخ، ھەر لەناو یەکێتیی نووسەرانی شاخیش یەکەم کتێبی چاپ کردووە کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی "ماڵاوا ئەی وڵاتەکەم".

 
 
Fly Erbil Advertisment