بەهای تومەنی ئێرانی هاڕەی کرد
پێگەی فەرمیی بازاڕی دراوی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، سێیەمجارە لە ماوەی یەک هەفتەدا بەهای تومەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزین تۆمار دەکات و لەگەڵ داخرانی بازاڕەکە بەهای یەک دۆلار گەیشتە 117 هەزار تومەن.
شارەزایانی بازاڕی کاغەزە داراییەکان و ئابووریناسان، هۆکاری ئەو هاڕەکردنەی تومەنی ئێران دەگەڕێنەوە بۆ دوا لێدوانی ڕێبەری باڵای ئێران لەبارەی ئەنجامنەدانی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا و بڵاوکردنەوەی چەندین گرتە ڤیدۆیی مەشقی سەربازی ئێران.
بڕوایانوایە، ئەمانە هۆی سەرەکین بۆ ئەوەی جاریکی دیکە بەهای 100 دۆلار بەرانبەر بێت بە 11 ملیۆن و 700 هەزار تومەن.
هەر بە گوێرەی ئەو پێگەیە، ئەمڕۆ بەهای 100 یۆرۆ گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 538 هەزار تومەنی ئێرانی و هەزار دیناری عێراقیش بە 89 هەزار تومەنی ئێرانی مامەڵەی پێوە کراوە.
بە گشتی، ئەمڕۆ بەهای دراوە بیانییەکان لە بازاڕەکانی تاراندا لە نێوان 0.73% و 0.96% بەرز بووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە تەنیا دراوە قورسەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەهای لیرەی سووری بەرانبەر بە تومەنی ئێرانی بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک 100 لیرەی سووری بە هەزار و 100 تومەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەکراوە.
دابەزینی بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکان، لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، هێلی هەژاریی لە تاران بە 30 ملیۆن تومەن دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە، نزیکەی 30 ملیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدان.
پەرلەمانی ئێران 5ـی مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، دەنگی لەسەر پرۆژە یاسایەک دا بۆ لابردنی چوار سفر لە دراوی وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانتاران تاوتوێی تێبینییەکانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووریان لەسەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای دراو و بانکی ناوەندیی کرد.
لە تێپەراندن و پەسەندکردنی یاسای لادانی سفرەکانی سەر تومەن، لە کۆی 262 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 144 ئەندام بە بەڵێ دەنگیان دا و 108 پەرلەمانتاریش بە نەخێر، تەنیا سێ ئەندام بێلایەن بوون.
جگە لەوەش بەپێی هەموارکردنی نوێ دراوی فەرمی وڵات لە بری ڕیال دەبێتە تومەن، کە هەر تومەنێک یەکسان دەبێت بە 10 هەزار ڕیاڵی ئێستا.
