نوجەبا: ئامانجمان بۆ لێدانی ئەمەریکا دیاری کردووە
فراس یاسر: لەگەڵ یەمەن سەرقاڵی نوێکردنەوەی چەکەکانمانین
بزووتنەوەی نوجەبا لە پەیامێکی تونددا بۆ واشنتن، ڕایدەگەیەنێت: قۆناغی داهاتووی بەرەنگاربوونەوە(موقاوەمە) گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئامانجی کاریگەریان بۆ لێدانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە ئامادە کردووە.
بزووتنەوەکە جەخت دەکاتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا داگیرکارییە و ئەگەری لێدانی بنکەکانیان لە هەر ساتێکدا لە ئارادایە.
هەڕەشەی لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا
فراس یاسر، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانی ئاشکرای کرد: بەرەی مقاوەمە ستراتیژییەکانی خۆی گۆڕیوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پێشتر لە کاتی پێکدادانەکاندا ئامانجەکان دیار و ناسراو بوون، ئەوا ئێستا مقاوەمەی ئیسلامی خەریکی دیاریکردنی کۆمەڵێک ئامانجی نامۆ و نوێیە کە لە کاتی هەر جەنگێکدا زەبرێکی زۆر بە بوونی ئەمەریکا لە عێراق و تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت.
مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و شەرعییەتی بەئامانجگرتنیان
سەبارەت بە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکان، یاسر ڕەخنەی توندی لە یارییکردن بە دەستەواژەکان لەلایەن ئەمەریکاوە گرت و ڕایگەیاند: ئەمەریکا نایەوێت لە عێراق بچێتە دەرەوە چونکە وەک پێگەیەکی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی ناوچەکە سەیری دەکات.
ئەو بەرپرسەی نوجەبا جەختی کردەوە، ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە گۆڕینی ئەرک و مانەوەیان، لە فەرهەنگی ئەواندا بە بوونی نایاسایی و هێزی نادۆست ئەژمار دەکرێت، بۆیە بە ئامانجگرتنیان بە کارێکی شەرعی دادەنێن،هەروەها گوتیشی: بەدووری نازانین لە هەر ساتێکدا بێت، بۆردومانی بنکەکانی ئەمەریکا دەست پێ بکاتەوە.
نوێکردنەوەی چەکەکان و هاوپەیمانی لەگەڵ یەمەن
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فراس یاسر باسی لەوە کرد، لە دوای ئۆپەراسیۆنی (تۆفانی ئەقسا)، گرووپەکانی مقاوەمە خەریکی پەرەپێدانی پێکهاتەی ڕێکخستنی جەنگی، زیرەکی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن.
