ڕەوەندەکانی پارێزگای ئیلام، لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی ڕۆژانە بێبەشن

ڕەوەندەکانی پارێزگای ئیلام، سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، پاراستنی ژینگە و پارێزگاریی پێگە فەرهەنگییەکاندا دەیبینن، لەبەر کەمیی ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە. 

ڕەوەندەکانی پاریزگای ئیلام، کوردانی فەیلیین و بە شێوازی ژیانی کۆچەری و پەیوەندیی قووڵیان لەگەڵ سروشتدا، پرۆسەی بەرهەمهێنانیان لە ناوچەکەیاندا بە زیندوویی ڕاگرتووە؛ بەڵام هێشتا چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەیەکی گشتگیرن بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕی و پشتگوێخستنەی کە ساڵانێکە بەسەریاندا کەڵەکە بووە.

ڕۆڵێکی بێوێنە لە ئابووری و ئاسایشی خۆراکدا

ڕەوەندانی ئیلام، بە بەرهەمهێنانی ساڵانەی زیاتر لە 100 هەزار تۆن بەرهەمی ئاژەڵداری بە بەهای نزیکەی حەوت هەزار ملیار تومەن، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئابووریی ناوچەکەدا دەگێڕن. ئەم کۆمەڵگەیە، نزیکەی %65ی گۆشتی سووری پێویست بۆ پارێزگاکە دابین دەکەن و پشکێکی بەرچاویان لە بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و پیشە دەستییەکاندا هەیە.

ئامادەیی بەردەوامیان لە ناو سروشتدا، جگە لەوەی گەرەنتیی بەردەوامیی بەرهەمهێنانە لە دۆخە کەشوهەواییە سەختەکاندا، یارمەتییەکی زۆری پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی، لەوەڕگەکان و پاراستنی فرەچەشنیی ژینگەیی دەدات. 

سێبەری قورسی کەمیی خزمەتگوزارییەکان

سارا فەللاحی، نوێنەری پارێزگای ئیلام لە پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: ژیانی ڕۆژانەی ڕەوەندەکانی ئیلام، لەژێر سێبەری کەموکووڕیی خزمەتگوزارییەکاندا بەسەر دەچێت. زۆرێک لە ڕێڕەوەکانی کۆچ و ڕێگەوبانی ناوچە ڕەوەندییەکان، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، ستانداردی پێویستیان نییە و لە وەرزەکانی زستان و بەهاراندا تێک دەچن و ئەمەش هاتووچۆ، گواستنەوەی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی قورستر و پڕمەترسی کردووە.

ئەو نوێنەرەی پەرلەمان، گوتیشی" نەبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی پاک و لاوازیی تۆڕی کارەبا، یەکێکی ترە لە کێشە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە کە هەڕەشە لە تەندروستی و کوالێتیی ژیانیان دەکات.

فەللاحی، جەختیشی کردەوە لەوەی "لاوازیی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە، کەمیی بنکەی تەندروستی و قوتابخانەی جێگیر و گەڕۆک، گرفتێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگە بەرهەمێنەیە و وای کردووە کە ڕەوەندەکان، بەتایبەت منداڵان، بە شێوەیەکی سنووردار دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندن بگات. هەروەها کەمیی و خراپی تۆڕەکانی پەیوەندیی وەک مۆبایل و ئینتەرنێت، گرفتێکی دیکەی ڕەوەندەکانی پارێزگای ئیلامە."

 

پێویستیی تێڕوانینێکی گشتگیر و درێژخایەن

شارەزایان و بەرپرسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە چارەکردنی کێشەکانی ڕەوەندەکان پێویستی بە تێڕوانینێکی گشتگیر، پلانی درێژخایەن و هەماهەنگیی نێوان دامودەزگاکان هەیە.

فەرشاد یاسەمی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ڕەوەندەکانی ئیلام دەڵێت: کێشەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، تەنیا بە کۆبوونەوە چارە ناکرێن و پێویستیان بە ئامادەبوونی مەیدانی و بەدواداچوونی بەردەوام هەیە.

یاسەمی، لایوایە "بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵگەی بەرهەمهێنەری ڕەوەند، پێویستی بە تەرخانکردنی سەرچاوەی دارایی بەردەوام و بەشداریی کارای خودی ڕەوەندەکان لە پرۆسەی بڕیارداندا هەیە. پشتگوێخستنی ئەم توانا مرۆییە گەورەیە، بە مانای نادیدەگرتنی یەکێک لە کاریگەرترین نموونەکانی ژیانی بەردەوام و بەرهەمهێنانی خۆماڵییە لە وڵاتدا، کە دەکرێت دەرئەنجامی وەک زیادبوونی کۆچ و لاوازبوونی ئاسایشی خۆراکی لێ بکەوێتەوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment