وەزیری پەروەردە: پێشنیازی خەرجکردنی پاداشت بۆ مامۆستایانی خانەنشینبووی بەردەوام دەکەین
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مامۆستایان دوای خانەنشینبوونیش دەتوانن وانە بڵێنەوە و پاداشت وەربگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ هێرۆ مەولوودی، پەیامنێری کوردستان24، باسی لە خانەنشینبوونی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و بەردەوامبوونیان کرد.
وەزیری پەروەردە گوتی: "بەپێی یاسا پێویستە مامەڵەی خانەنشینبوونی مامۆستایان بکرێت؛ واتا لە دوای 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، پێویستە ئەو مامۆستایانەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، مامەڵەکانیان دەست پێ بکەن. ئینجا میکانیزمی خۆمان ڕێک دەخەینەوە و دەمانەوێت بزانین، کام مامۆستا لە وەرزی دووەمیش لەگەڵمان بەردەوام دەبێت و بۆ ماوەی پێنج مانگی دیکەش وانە بە قوتابییان دەڵێتەوە، سەرەڕای خانەنشینبوونی."
دەربارەی ئەو مامۆستایانەی بڕیار دەدەن وەرزی دووەمیش لە وانەگوتنەوە بەردەوام بن، ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە دا، هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، پێشنیازێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن بە مەبەستی خەرجکردنی "پاداشتی ماندووبوون" بۆ ئەو مامۆستایانە، بۆ ماوەی پێنج مانگ، تا کۆتاییی دەوامی ئەمساڵی خوێندن (30ـی ئایاری 2026).
بە گوتەی وەزیری پەروەردە، "پاداشتی ماندووبوون" بریتییە لە جیاوازیی نێوان کۆتا مووچەی پێش خانەنشینبوون و مووچەی دوای خانەنشینبوون. واتا ئەگەر مامۆستایەک پێش خانەنشینبوون مووچەکەی 800 هەزار دینار بێت و دوای خانەنشینبوون ببێتە 600 هەزار دینار، پاداشتەکە دەبێتە 200 هەزار دینار.
وەزیری پەروەردە دڵنیاییی دا لەوەی، هەموو ئەو مامۆستایانەی خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە، سەرپشکن لەوەی بۆ وەرزی دووەمیش بەردەوام بن یان نا و "ئێمە ناتوانین ناچاریان بکەین بەردەوام بن."
