لێكۆڵینەوە لە یاریگەی كامپ نو دەكرێت
پێش یارییەكەیان لە چامپیۆنزلیگ پشكنین بۆ یاریگەی بارسێلۆنا كرا
تیمێکی تایبەت لە پشکنەرانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا سەردانی یاریگای کامپ نۆی تایبەت بە یانەی بارسێلۆنایان کرد، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو یاریگایە هیچ کیشەیەکی نییە و ئامادەیە بۆ یاری داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ. لە کۆتاییدا ئەو تیمە گلۆپی سەوزی هەڵکرد و بارسێلۆنا دەتوانێت لە یاری داهاتووی لە چامپیۆنزلیگ، بە ئامادەبوونی هاندەرانی لە یاریگای کامپ نۆ میوانداریی یانەی ئێنتراخت فرانكفۆرتی ئەڵمانی بکات.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر یەکێتی تۆپی پێ ئیسپانیا و شارەوانی شاری بارسێلۆنا، رەزامەندیاندا بەوەی بلاوگرانا، دوای نزیکەی دوو ساڵ جارێکی دیکە، لە یاریگای کامپ نۆ یارییەکانی بکات و ئەو یانەیەش لە یاری بەرامبەر ئاتڵێتیک بلباو گەڕایەوە یاریگای کامپ نۆ.
یاریگای یانەی بارسێلۆنا هێشتان کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بەردەوامە، بۆیە شارەوانی شارەکە رەزامەندی داوە نزیکەی نیوەی یاریگاکای بۆ هاندەران بکاتەوە و لە یاری بەرامبەر بیلباو و ئالاڤێس، نزیکە 45 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادەبوون.
دوای یارییەکەی رۆژی شەممە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە گەڕی چواردەی لالیگا، پشکنەرانی یوێفا سەردانی یاریگای کامپ نۆیان کرد، بۆ ئەوەی دڵنیابن یاریگاکە هیچ مەترسیەکی بۆ سەر هاندەرانی نابێت و دواجار ئەوانیش رەزامەندیان پیشاندا.
بەم شێوەیە یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ، کە بڕیارە رۆژی 9ـی ئەم مانگە بکرێت، لە یاریگای کامپ نۆ میوانداریی یانەی ئێنتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بکات و هاندەرانی یانە ئەڵمانیەکەش، دەتوانن لە یاریگاکە ئامادەبن.
ساڵی 2023 کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نۆ دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت، سەرەتای ساڵی 2026 سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە کۆتایی بێت و هەموو بەشەکانی یاریگاکەش بە رووی هاندەراندا بکرێتەوە، یاریگەكە شوێنی زیاتر لە 80 هەزار هاندەر دەگرێت.
