نوێترین زانیاری لەبارەی چارەنووسی شێرزۆد تەیمیرۆڤ؛ لە ریزەکانی هەولێر دەڕوات؟
10 ئۆفەری لە عێراق و دەرەوە پێگەیشتووە
تاوەکو ئێستا شێرزۆد تەیمیرۆڤ گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر نوێ نەکردووەتەوە، حەفت بۆ هەشت یانە لە عێڕاق و یانەیەکی قەتەری و ئیماراتی و تورکیش دەیانەوێت بیگوازنەوە ریزەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، حەفت بۆ هەشت یانەی عێراق ئۆفەریان پێشکەشی شێرزۆد تەیمیرۆڤ هێرشبەری ئوزباکی یانەی هەولێر کردووە، بۆ ئەوەی بیگوازنەوە ریزەکانیان، لە دەرەوەش لە خولی تورکی و ئیماراتی و قەتەڕی سێ یانەی جیاواز ئۆفەریان پێشکەشی تەیمیرۆڤ کردووە، بۆ ئەوەی بیگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام هێشتا هێرشبەرە ئۆزباکییەکە بڕیاری کۆتایی نەداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە شێرزۆد، تاوەکو ئێستا ئەو هێرشبەرە ئۆزباکییە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر نوێ نەکردووەتەوە، کە تاوەکو مانگی یۆلیۆی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە هەیە، بەڵام نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر لەلای شێرزۆد لەپێشینەیە، نەوەک چوونی بۆ یانەیەکی دیکە.
تەیمیرۆڤ کە لە میرکاتۆی هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی هەولێر کرد، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە حەفت یاری حەفت گۆڵی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەشی گرتووە، لە خول و جامی عێراق لە نۆ یاری نۆ گۆڵی کردووە.
