سینەماکانی جیهان چاوەڕێی فیلمی 'ئەگەر ژن بتکوژێت چاوت بە بەهەشت ناکەوێت' دەکەن

هەڵکەوت مستەفا، نوێترین بەرهەمی فیلمی سینەمایی خۆی ناساند، کە ناوی (ئەگەر ژن بتکوژێت چاوت بە بەهەشت ناکەوێت - NO PARADISE IF YOU ARE KILLED BY A WOMAN)، بڕیارە فیلمەکە ساڵی داهاتوو لە سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت.

دەرهێنەری سینەمایی، هەڵکەوت مستەفا لە بارەی بەرهەمە تازەکەیەوە ڕایگەیاند، فیلمە نوێکە بەرهەمێکی هاوبەشی وڵاتانی نەوریج، سوید، فەرەنسا، ئەمەریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستانە، چیرۆکی سیناریۆکە باس لە کچە نیشانەشكێنێکی پێشمەرگە دەکات، کە بە نهێنی چووەتە نێو چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی خوشکە بچووکەکەی ڕزگار بکات، کە لە مووسڵ زیندانی کراوە.

دەرهێنەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو، فیلمی سینەمایی (ئەگەر ژن بتکوژێت چاوت بە بەهەشت ناکەوێت) لە شاشەی سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت، دەشڵێت: بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە وەکوو ئەنجامدانی نەشتەرگەریی مێشک بووە لە ژوورێکی تاریکدا.

ناونیشانی فیلمەکە لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە چەکدارانی داعش بڕوایان وایە، هەر چەکدارێکیان بە دەستی ئافرەت بکوژرێت، چاوی بە بەهەشت ناکەوێت لە حۆرییەکانی بەهەشت بێبەش دەکرێت و دەخرێنە جەهەنەم.

لە ساڵی 2023دا، نمایشکردنی بەرهەمێکی سینەمایی دەرهێنەری کورد، هەڵکەوت مستەفا، بە ناوی " شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەماکانی جیهان دەنگدانەوەیەکی گەورە و پڕ بینەری هەبوو، کە فیلمەکەی لە سینەماکانی سوید، نەرویج، دانیمارک، فینلاند، بەلجیکا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ڕۆمانیا نمایشکرا، دواتریش فیلمی " شاردنەوەی سەدام حوسێن"  لە سینەماکانی 15 وڵاتی عەرەبی نمایشکرا، بە تایبەت لە سینەماکانی سعوودیە، ئوردن، مەغریب و تونس.

 
 
Fly Erbil Advertisment