بارەگای بارزانی: وامان دەزانی خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە
گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەدا ڕایگەیاند، ناوبراو هێشتا بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنیانە مامەڵە دەکات و لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ، دوورن لە هەموو نەریتێک و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکەن.
بارەگای بارزانی سەبارەت بە وردەکارییە ئەمنییەکان و شێوازی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری، ڕوونی کردەوە، سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێی ڕێککەوتن و تەوافوقی پرۆتۆکۆلیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بەردەوام لە کاتی سەردانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بۆ هەرێم، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە یاوەرییان دەکەن و هیچ گرفتێک دروست نەبووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، پشتیوانیکردن بووە لە پرۆسەی ئاشتی، کە خودی باخچەلی بانگەشەی پشتیوانی لێ دەکات.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێیان وا بووە گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی باخچەلیدا هاتووە و دەستبەرداری ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیەت بووە، بەڵام دەرکەوتووە کە ناوبراو هەمان گورگە بۆرەکەی جارانە و ئێستا تەنیا لە پێستی مەڕدا خۆی نمایش دەکات.
ئەمە دەقی وەڵامەکەیە:
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.
قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر، بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا.
لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک ڕووینەداوە.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات.
ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی
2ی کانوونی یەکەمی 2025
