بوڵنت ئارنج: ئەوانەی ڕەخنە دەگرن، سەرۆک مەسعود بارزانی ناناسن
بوڵنت ئارنج، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەران و کارەکتەرە دیارەکانی ئاکپارتی، لە ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بەشداریکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری لە شرناخ دەربڕی و بەشێکی زۆری ئەو ڕەخنە و هەڵایەی لەسەر سەردانەکە دروست بووە، بە بێ بنەما و نادروست وەسف کرد.
پشتیوانی لە ناوەڕۆکی سەردانەکە و گرنگیی ئامادەبووان
ئارنج بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لەو مەراسیمەدا بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کردووە و ستایشی ئەوەی کردووە کە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری ناوخۆ، پارێزگار، پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشووی ئاکپارتی و زانایانی گەورە ڕێکخراوە، بە بڕوای ئەو، سازدانی چالاکییەکی زانستی لەو ئاستەدا کارێکی زۆر دروست و پێویست بووە.
سەبارەت بەو دەنگۆ و مشتومڕانەی لە ناوخۆی تورکیادا دروست بوون، ئارنج ئاماژەی بەوە داوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی ڕەخنە دەگرن یان لێدوانی نەرێنی دەدەن، کەسانێکن کە مەسعود بارزانی ناناسن و خاوەنی تێگەیشتنی هەڵەن، ناوبراو بۆ بیرهێنانەوەی ئەو کەسانە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بارزانی لە ساڵی 1979ـەوە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکات کە خاوەنی زۆرینەی دەسەڵاتە، هەروەها پێشتر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەبووە، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵیدا مامەڵەیەکی فەرمییە.
ڕەهەندی ڕۆشنبیری و مێژوویی
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ئارنج باسی لە گرنگیی سیمپۆزیۆمەکە کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە مەلای جزیری یەکێک بووە لە زانا گەورەکانی سەردەمی عوسمانی (1567-1640)، ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەسایەتییەکانی وەک مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران، ئەگەرچی بە ڕەچەڵەک کوردن، بەڵام بەشێکن لە بەها کولتووری و ئایینییە هاوبەشەکانی ناوچەکە، بۆیە بە بڕوای ئەو، بە هەڵە سەیرکردنی یادکردنەوەی ئەو زانایانە کارێکی نەشیاوە.
پەیامە سیاسییەکان و قۆناغی نوێ
بوڵنت ئارنج پێی وایە، ئەم کۆبوونەوەیە و ئەو جۆش و خرۆشەی لە ناوچەکەدا دروستی کردووە، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ، بەتایبەتی کە سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا پەیامی زۆر گرنگی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ئێستا گەیاندووە، هەر بۆیە ڕەخنەگرتن لە خودی کۆبوونەوەکە بە کارێکی ناڕەوا دەزانێت.
