پزیشکانی بێسنوور: هەزاران فەڵەستینی لە دەرەوەی کەرتی غەززە پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی هەیە

بەرپرسێکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، داوا لە وڵاتان دەکات دەرگا بەڕووی دەیان هەزار هاووڵاتی غەززە بکەنەوە کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە، هۆشداریشیدا لەوەی، سەدان کەس لە چاوەڕوانی چارەسەری و نەبوونی پێداویستیی پزیشکیدا گیانیان لەدەستداوە.

هانی ئیسلیم، ڕێکخەر لە پزیشکانی بێسنوور لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، هەرچەندە تا ئێستا زیاتر لە 30 وڵات نەخۆشانی غەززەیان بۆ چارەسەر وەرگرتووە، بەڵام ژمارەی ئەو نەخۆشانەی تا ئێستا لەلایەن وڵاتانەوە وەرگیراون "مشتێکە لە خەلوارێک"، لە نێویاندا میسر لە پلەی یەکەم و ئیمارات لە پلەی دووەمی وڵاتاندان، بەڵام ئیتاڵیا زیاتر لە 200 نەخۆشی وەرگرتووە، کەچی فەرەنسا و ئەڵمانیا تا ئێستا هیچ نەخۆشێک و بریندارێکیان وەرنەگرتووە.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، مەزەندە دەکات لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی دووەمی 2023، زیاتر لە هەشت هەزار نەخۆش لە کەرتی غەززەوە بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی وڵاتان کراون، لە کاتێکدا زیاتر لە 16 هەزار و 500 نەخۆش هێشتا پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی فەڵەستین هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا تێکڕای ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە مانگانە کەرتی غەززەیان جێدەهێشت نزیکەی هەزار و 500 نەخۆش بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل لە مانگی ئایاری 2024دا دەروازەی "ڕەفەح"ی بەڕووی میسردا داخست، تێکڕای مانگانە بۆ نزیکەی 70 نەخۆش دابەزی.

هانی ئیسلیم، ڕوونیشیکردەوە، "کێشەکە ئەوەیە ئەو پرۆسەیە درێژخایەنە و زۆرجار بڕیاری سیاسی هەیە کە دەبێت وڵاتان بۆ وەرگرتنی نەخۆش لە غەززەوە پەیڕەوی بکەن، دەشڵێت، "وڵاتەکان کاتێکی زۆریان دەوێت تا بڕیارەکە بدەن یان بودجە بۆ ئەو نەخۆشانە تەرخان بکەن، بەڵام ئێمە و نەخۆشەکان ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەم گفتوگۆیە ئەنجام بدرێت".

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ەوە زیاتر لە 900 کەس لە چاوەڕوانی جێهێشتنی غەززە بۆ چارەسەری پزیشکی، گیانیان لەدەستداوە، یەکێک لە گەورەترین کێشەکان داواکردنی منداڵانە لە لایەن وڵاتانەوە، لە بەرانبەردا ڕێگە بە کەسانی سەروو 18 ساڵ یان نادرێت یان مەرجدار و سنوودارکراوە، بە تایبەتی ئەوانەی کەس و کاریان لەگەڵیان کۆچ دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە وڵاتانی دەرەوە، بۆیە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، داوا دەکات وڵاتان ئاسانکاری زیاتر بکەن بۆ نەخۆشانی کەرتی غەززە، بە پێجەوانەوە خەڵکێکی زۆر گیان لەدەست دەدەن. 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment