ئاوی دەریاچەی دوکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەمیکردووە
ساڵی 1958 بەنداوی دوکان کارەکانی تەواوکرا، بە گلدانەوەی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، زیاتر کە 50 هەزار دۆنم زەوی ئەو ناوچەیە ژێر ئاو کەوت، بەڵام ساڵانە کاتێک ئاستی ئاوی ئەم بەنداوە کەم دەکات و بەشێک لە زەوویەکان بەجێدەهێڵێت، جووتیاران ئەو زەوییانە بە گەنم و جۆ و بەرووبومی دیکەی کشتووکاڵی دادەچێنن، لە مێژووی 67 ساڵەی تەمەنی ئەم بەنداوە، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیووە.
ئەمساڵ جووتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە داچاندنی ئەو زەوییانە کردووە کە ئاوی بەنداوەکە جێی هێشتووە، هەرچەندە بە هۆی بارانبارین و بەردانەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێ، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە هەیە، ئەمەش وادەکات هەندێک جار زیانی زۆر بە جووتیاران بگەێنێت، بەڵام جووتیاران دەڵێن: "ساڵێک بۆ ئێمە و 10 ساڵ بۆ دەریاچەکە".
قادر محەممەد، جووتیارێکی ناوچەکەیە بە کوردستان24 دەڵێت:" ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو نزمترین ئاستی تۆمارکردووە، هەروەها زەوییەکی زۆری جێهێشتووە، ئێمە بۆیە عاشقی ئەو زەوییانەین، چونکە بڕشتیان زۆر زیاترە لە زەوییەکانی دەوروبەری، بە جۆرێکە هەندێک ساڵ لەم زەوییانە یەک تەنەکە گەنم دەچێنین، بەرهەمەکەی نزیکەی 100 تەنەکە دەبێت، بەڵام ساڵ هەیە ئاوەکە دەگەڕێتەوە و زیانمان پێ دەگات.
ئیسماعیل عەلی، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە، ساڵانێکە لەسەر ئەو زەوییانە کاری داچاندنی گەنم و جۆ دەکات، ئەو دەڵێت:" سێ ساڵە ئەم زەوییانە ژێر ئاو کەوتبوون، بە هۆی ووشکە ساڵییەوە، ئەمساڵ ئاو جێی هێشتووە، بە پشتیوانی خوای گەورە خۆمان و بەختمان هاتووین بە گەنم و جۆ دایدەچێنین، ئەگەر بەفر و باران زۆر بێت بێگوومان ئاوەکە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و ئێمە زیانمان پێدەگات، بە پێچەوانەشەوە قازانجێکی باش دەکەین.
لە داچاندنی ئەو زەوییانەی بە ماڵی دەریاچە ناسروان، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی ئەو جووتیارەی زەوییەکەی داچاندووە بەروبوومەکەی کۆبکاتەوە یان نا، چونکە ئەو ساڵانەی کە بەفر و باران زۆر دەبارێت، زەوییەکان ژێر ئاو دەکەون، بەڵام بە هۆی بە پیتی ئەو زەوییانە، جووتیاران دەستیان لێی بەرنابێت و دایدەچێنن.
