ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی دەکرێتە فیلمێکی دوکیومێنتاری

ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، دەکرێتە فیلمێکی دوکیومێنتاری.

پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری سەیفوڵڵا ڕەزایی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی سنە، بڵاوی کردەوە "ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، هونەرمەندی ناوداری کوردستان، بە پشتیوانیی ئەنجوومەنی شاری سنە و بەرپرسانی پارێزگاکە، دەکرێتە فیلمێکی دوکیومێنتاری."

ڕەزایی، دوێنێ، چوارشەممە. لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەنجوومەنی شاری سنە، گوتی: ئەم فیلمە، وەک پاداشتێکە بۆ پاشخانی هونەری و کولتووری دەوڵەمەندی پارێزگای سنە، بە تایبەت شاری سنە، کە هەمیشە لانکەی هونەر، موسیقا و کولتوور بووە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی سنە، گوتیشی: سەرباری گرفتی دارایی شارەوانی و پارێزگای سنە، ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیی دروستکردنی ئەم فیلمە دۆکیومێنارییە بکەین.

سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، (1882-1937) هونەرمەندی ناوداری کوردستان، بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی مۆسیقا و ئاواز کوردی ناسراوە. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی لێ دەرکەوتووە و دواتر لەو بوارەدا ناوبانگی دەرکردووە و شارەزایی تەواوی تێدا بەدەست هێناوە. 

سەید عەلی ئەسغەر، مەقامزانێکی توانا و خاوەن دەنگێکی دەوڵەمەند و دەگمەن بووە. ئەو بە پارێزەری مەقامە ڕەسەنە کوردییەکان ناسراوە و هۆنراوەی شاعیرە گەورەکانی کوردی کردووە بە گۆرانی. دەنگە بەهێز و تایبەتەکەی وایکردووە بە یەکێک لە دەنگە لەبیرنەکراوەکانی مێژووی مۆسیقای کوردی بناسرێت.

 پاش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی، 14 گۆرانیی لەسەر قەوان تۆمار کردووە. بەناوبانگترین گۆرانییەکانی (یار غەزال، دەردی هیجران، هەی نابێ نابێ و ڕۆژی حەشرە)یە.

سەید عەلی ئەسغەر، لە 4ـی شوباتی 1937 لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لە گوندەکەی خۆی، سەڵەواتئاوا، بە خاک سپێردراوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment