مەسرور بارزانی فەرمانی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی مەسیحییەکان و سزادانی تێکدەران دەدات
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی توندی بەرانبەر شێواندنی گۆڕی مەسیحییەکان، بڕیاری دا دەستبەجێ گۆڕستانەکە نۆژەن بکرێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش خرانە ڕاسپێدران بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە.
نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی فەرمیدا ئەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە شاری کۆیە، بە کارێکی تێکدەرانە و شەرمەزارکەر وەسف کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕاسپێردراون کە دەبێت بەپەلە لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن و ڕێگە نەدەن تاوانباران لە یاسا دەربچن، بەڵکو دەبێت بدۆزرێنەوە و سزای توندی خۆیان وەربگرن.
هاوکات وەک پەیامێکی دڵنیایی بۆ خوشک و برا مەسیحییەکان و بۆ ڕەسڕینەوەی شوێنەواری ئەو کارە نەخوازراوە، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بڕیار دراوە تەواوی گۆڕستانەکە نۆژەن بکرێتەوە.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەن و جیانەکراوەی خاک و مێژووی کوردستانن و حکوومەت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادات دەست بۆ ئەو نموونە گەشەی پێکەوەژیان و تەباییە بەرێت کە هەرێمی کوردستانی پێ ناسراوەتەوە.
ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتیی حکوومەت دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو، چەند کەسێکی نەناسراو دەستدرێژییان کردە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە کۆیە.
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تاکە پەناگە و نموونەی پارێزەری مافی پێکهاتەکان دادەنرێت و ستراتیژی حکوومەت ئەوەیە کە هەرجۆرە پەلامارێک بۆ سەر پیرۆزیی ئایینەکان بە هێڵی سوور و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت، بۆیە لەم دۆسیەیەدا بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کرد بۆ پاراستنی ئەو بەهایانە.
ئەمە دەقی پەیامەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە. ئەم کردەوەیە، بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان.هەروەها گۆڕستانەکەش، لە سەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.
کریستیانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بووە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێک بدات .
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4
