شانۆگەری کوڕیژکەی کوێستان لە دەربەندیخان نمایشکرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، شانۆگەری "کوڕیژکەی کوێستان" کە لە بیرۆکە و دەرهێنانی ئاراز عەبدولڕەحمانە، لە پارکی شار لە دەربەندیخان بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر نمایشکرا. 

دەرهێنەری شانۆگەرییەکە ئاراز عەبدولڕەحمان، دەربارەی نمایشەکەیان بۆ کوردستان24 گوتی: شانۆیی "کوڕیژکەی کوێستان" بیرۆکەی ئەم کارە لە ماسیە ڕەشە بچکۆلەکەی سەمەدی بەهرەنگی وەرمگرتووە، ماسیەکەی بەهرەنگی کە دەگات بە دەریای بێبن ناتوانێت بگەڕێتەوە، بەڵام کوڕیژکەکەی ئێمە کاتێک لە گوند و کاری هەرەوەزی بێزار دەبێت و بڕیار دەدات ڕوو لە شاری پڕ جەنجاڵی و قەڕەباڵغ بکات دواجار بڕیاری گەڕانەوە دەدات.

ئەو دەرهێنەرە گوتیشی: بیرۆکەی کارەکەمان بنەمایەکی سۆسیالستی هەیە دژ بە سیستمی سەرمایەداری و داماڵینی مرۆڤ لە هەموو بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان و بە ئامێرکردنی مرۆڤ، ئەم کارە هەمووی لە ڕێگای جوڵە و میوزیکەوە لەلایەن چەند ئەکتەرێکی گەنجی شاری دەربەندیخان بەرجەستە دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە، شانۆگەری "کوڕیژکەی کوێستان" بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری ڕۆشنبیری دەربەندیخانە، دوای نمایشکردنیان لە دەربەندیخان، بڕیارە نمایشەکەیان لە فێستیڤاڵە شانۆییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بەشداری پێبکەن.

 

 
Fly Erbil Advertisment