زانکۆی مۆرسیا و حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن
پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئیسپانیا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم سەرکەوتوو بوو لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێک لە زانکۆ هەرە بەناوبانگەکانی ئیسپانیا، کە دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ فێرخوازانی کورد مسۆگەر دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، بە پاڵپشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەدرید یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گرنگی لەگەڵ زانکۆی مۆرسیا واژۆ کرد.
دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیسپانیا، ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورەیە، بەو پێیەی زانکۆی مۆرسیا پێگەیەکی بەهێزی لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەوروپا هەیە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، پەیوەندییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و ئیسپانیا دەچنە ئاستێکی بەرزتر و زەمینەسازیی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی قوتابیانی کورد بتوانن کورسیی خوێندنی باڵا لەو زانکۆیە بەدەست بهێنن.
نوێنەرایەتیی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئیسپانیا خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووی توێژینەوەیە کە تێیدا داهێنانە زانستییەکان ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە کەرتی گشتی و تایبەت دەکرێن، بۆیە گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ کوردستان سوودێکی زۆری دەبێت.
گرنگیی ئەم یاداشتە لەوەدایە کە زانکۆی مۆرسیا (University of Murcia) یەکێکە لە ناوەندە ئەکادیمییە دیارەکانی ئەورووپا. واژۆکردنی ئەم یاداشتە دەرەنجامی زنجیرەیەک هەوڵی چڕی دیپلۆماسیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم بووە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زانکۆک، ئەمە بەشێکە لە ستراتیژیی دیپلۆماسیی ئەکادیمی کە حکوومەتی هەرێم پەیڕەوی دەکات بۆ کردنەوەی دەرگای زانکۆ جیهانییەکان بە ڕووی گەنجان و توێژەرانی کورددا، تاوەکو سوود لە هەلی خوێندن و توێژینەوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان وەربگرن.
