واشنتن بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە کۆبوونەوەی بەپەلەی سەربازیی لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات

لە دەرەنجامی هەوڵەکان بۆ بە ئامانجگرتنی کێڵگەکان و پەکخستنی وزە لە هەرێمی کوردستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاستی هەماهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ هەولێر بەرز کردەوە و لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا نەخشەڕێگایەک بۆ وەستانەوە دژی لایەنە خراپەکارەکان و پاراستنی ژێرخانی وزە داڕێژرا.


بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکانی کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر، کۆلۆنێڵ باگلی، بەرپرسی باڵای بەرگریی ئەمەریکا، زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ بڕیاربەدەستانی باڵای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

بەپێی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا، تەوەری سەرەکیی دیدارەکان چڕکردنەوەی هەماهەنگییەکان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپ و لایەنانەی کە بە لایەنی خراپەکار وەسف کراون، کە مەبەستیانە گورز لە سەقامگیریی عێراق و ژێرخانە هەستیارەکانی هەرێم بوەشێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمەریکی دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییە ئەمنییەکانی و پابەندە بە بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و پاراستنی دەستکەوتەکان لە ڕێگەی هاوبەشیی تۆکمە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم.
بەکارهێنانی زاراوەی ژێرخانی هەستیار (Critical Infrastructure) لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ کێڵگەکانی گاز (وەک کۆرمۆر) و وێستگەکانی کارەبا، کە بەگوێرەی دانپێدانانەکانی ئەم دواییەی دەزگا ئەمنییەکان، ئامانجی سەرەکیی پیلانی گرووپە میلیشیاکان بووە،ئەم جووڵەیەی ئەمەریکا بە واتای دروستکردنی ،قەڵغانێکی ئەمنی، دێت بۆ پاراستنی کەرتی وزەی هەرێم، کە ئێستا بووەتە بەشێک لە هاوکێشەی وزەی ناوچەکە و جیهان

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment