کاردیناڵ لویس ساکۆ: مەسیحییەکان ناکەینە سووتەمەنیی شەڕی خەڵکی تر
لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرانبەر دەستدرێژیکردنە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە کۆیە، پاتریارکییەتیی کلدانی ڕایگەیاند، چیتر قبووڵ ناکەن ببنە قوربانیی ململانێیەک کە ئەوان تێیدا لایەن نین، هاوکات هۆشداری دا کە ئەگەر دڵنیایی ئەمنی نەدرێت و تاوانباران سزانەدرێن، دەرگای شەپۆلێکی دیکەی کۆچی مەسیحییەکان دەکرێتەوە.
پاتریارکییەتیی کلدانی بە سەرۆکایەتیی کاردیناڵ لویس ڕافائێل ساکۆ، بەیاننامەیەکی توندی بڵاو کردەوە و تێیدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پەلامارەی کرد کە کراوەتە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە شارۆچکەی کۆیە.
پاتریارکییەتەکە ئەو کارەی بە دەستدرێژییەکی تاوانکاری و ڕەتکراوە لە ڕووی ئەخلاقی و ئایینییەوە وەسف کرد.
لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پەیامەکەی کاردیناڵ ساکۆ جەختی لەوە کردەوە، مەسیحییەکان لە ڕابردوودا باجێکی گەورەیان داوە لە پای ململانێگەلێک کە ئەوان بەشێک نەبوون تێیدا، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە بکرێنە سووتەمەنی بۆ ئاگری ناکۆکییەکانی خەڵکی دیکە و بەکاربهێنرێن بۆ یەکلاکردنەوەی حسابی لایەنەکان.
پاتریارکییەتیی کلدانی داوای لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کرد، دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام بدەن و تاوانباران ڕاپێچی دادگا بکەن بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.
بە بۆچوونی ئەوان، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ سزادان نییە، بەڵکو تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی مەسیحییەکان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم دڵنیاییە نەبێت، مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەپۆلی کۆچی بە کۆمەڵی مەسیحییەکان لە ئارادایە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاتریارکییەت متمانەی خۆی بە حکوومەتی هەرێم نوێ کردەوە کە دادپەروەری بەرپا دەکات.
