ئەو کەسانە فەرمانگەکانی قەزای خەباتیان سووتاند، دەستگیرکران
چەند کەسێک لەوانەی دەستیان لە پشێوینانەوە و ئاژاوەگێڕیی ڕووداوەکانی گوندی لاجان و قەزای خەبات هەبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، لە بەدواداچوونێکی مەیدانی کوردستان24 دا، ئالان زەندی وردەکارییەکانی دەخاتەڕوو.
بە گوێرەی ئەو دیمەن و گرتە ڤیدیۆیانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە سووتاندنی تایە و گرتنی ڕێگەکان، هەوڵی سەرقاڵکردنی هێزە ئەمنییەکانیانداوە و لەلایەکی دیکەش لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکاندا لایڤیان کردووەتەوە و داوایان لە لایەنگرانیان کردووە، ئامادەبن و هەڵبکوتنە سەر چەند شوێنێک و تاڵانی بکەن.
ئەوانەی دەستگیرکراون، چەکدار بوونە چوونەتە سەر دەرمانخانە و بەنزینخانە و هەڕەشەیان لێکردوون بۆ ئەوەی کامێراکانی چاودێری بەردەم دووکان و شوێنەکانیان بکوژێننەوە، بۆ ئەوەی دەرنەکەوت و نەناسرێنەوە، چونکە تەقەیان لە خەڵک کردووە بۆ ئەوەی خەڵک بکوژرێت و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاو بکەنەوە کە بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان خەڵکی مەدەنی کوژراوە.
دواتر هەر بە پلان چواردەوری فەرمانگەکانیان گرتووە و تەقەیان بەسەر پاسەوانی فەرمانگەکان کردووە و چوونەتە ژووەرەوە، دوای تاڵانکردنی کەلوپەلەکان، فەرمانگەکانیان سووتاندووە و قاسەی فەرمانگەیەکیان شکاندووە و هەرچییەکی تێدابووە بردوویانە.
بەهۆی ئەو گێرەشێوێنییەی ئەو کەسانە و سووتاندنی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی خەبات، تۆمارێکی زۆری هاووڵاتییان بە تەواوی سووتاون، ئەمە جیا لەوەی زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی گشتی گەیەندراوە، لە فەرمانگەیەک زێر و دەمانچەشیان دزیوە.
یەکێک لە وانەی سەرپەرشتی ئەو گرووپەی کردووە بە ئاشکرا دان بە تاوانەکەیدا دەنێت و ئاشکرای دەکات، کە چۆن و بە چ پلانێک ئەو کارەیان کردووە.
تەواوی ئەو بەدواداچوونە کە هاوکارمان ئالان زەندی کردوویەتی، ڕۆژی دوو شەممە لە بەرنامەی شوێنپەنجە کاتژمێر 10 و نیو لە کوردستان24 پەخش دەکرێت.
