ئەمەریکا: سزادانی پلاتفۆرمی ئێکس لە لایەن ئەورووپاوە هێرشکردنە بۆ سەر گەلی ئەمەریکا
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ پلاتفۆرمی "ئێکس"ی کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئیلۆن مەسک دەگەڕێتەوە،"هێرشکردنی حکومەتە بیانییەکانە بۆ سەر گەلی ئەمەریکا.
ئەمڕۆ هەینی 5ی تشرینی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، ڕایگەیاند، "سزا 140 ملیۆن دۆلارییەکەی یەکێتی ئەورووپا تەنیا هێرشکردنە سەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نییە، بەڵکو هێرشکردنە سەر هەموو پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییەکانی ئەمەریکا و گەلی ئەمەریکا لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەردەمی سانسۆرکردنی ئۆنلاین بۆ ئەمەریکییەکان کۆتایی هاتووە".
هاوکات، برێندان کار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئیدانەی ئەو سزا داراییە زۆرەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، کە بەسەر "ئێکس"ا سەپێنراوە، گوتوویەتی:"جارێکی دیکە ئەورووپیەکان لە بەردەم سەرکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ئەمەریکا بەربەستیان دروست کرد، تەنیا بە هۆی ئەوەی "ئێکس" پلاتفۆرمێکی سەرکەوتوو بووە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەورووپا باج دەداتە ئەمەریکییەکان بۆ ئەوەی پشتگیری لە کیشوەرێک بکەین کە بەهۆی ڕێسا خنکێنەرەکانی خۆیەوە خەریکە دەخنکێت".
یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی پێشێلکردنی یاسا دیجیتاڵییەکانەوە، سزایەکی دارایی بە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 140 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی(ئێکس) سەپاند، ئەم بڕیارەش مەترسی دروستبوونی گرژییەکی نوێ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دروست دەکات.
باسی لەوەش کردووە، ئەم لێکۆڵینەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ توانای یەکێتیی ئەورووپا لە چاودێریکردنی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا (Big Tech) سەیر دەکرێت. تەنانەت پێش ئەوەی سزاکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی دا و دژی هێرشکردنە سەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە ڕێگەی سانسۆرەوە وەستایەوە.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لە یەکەمین سزای خۆیدا بەپێی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان (DSA) لەسەر ناوەڕۆک، ڕایگەیاند (ئێکس) بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکانی شەفافیەتەوە تاوانبارە، بەتایبەتی بەهۆی دیزاینی هەڵخەڵەتێنەری نیشانەی شین (Blue Checkmark) بۆ هەژمارە پشتڕاستکراوەکان.
هێنا ڤیرکونن، بەرپرسی تەکنۆلۆژیا لە یەکێتیی ئەورووپا، لەکاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا و لە وەڵامی تۆمەتەکانی جەی دی ڤانسدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەم بڕیارە پەیوەندی بە شەفافیەتی ئێکسەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە سانسۆرەوە نییە.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئیلۆن ماسک خاوەندارییەتی، لە کانوونی یەکەمی 2023ەوە بووە یەکەم ئامانجی لێکۆڵینەوەی فەرمیی DSAی یەکێتیی ئەورووپا، و لە تەممووزی 2024 بە شێوەیەکی سەرەتایی دەرکەوت کە لە چەندین لاوە یاساکانی پێشێل کردووە.
یەکێتیی ئەورووپا بۆی دەرکەوتووە ئەو گۆڕانکارییانەی لە دوای دەستبەکاربوونی ماسک لە ساڵی 2022 لە سیستەمی نیشانەی شیندا کراون، وای کردووە، هەموو کەسێک بتوانێت پارە بدات بۆ بەدەستهێنانی نیشانەی ڕەسەنایەتی، بەبێ ئەوەی ئێکس بە شێوەیەکی جددی پشتڕاستی بکاتەوە کێ لە پشت هەژمارەکەوەیە
کۆمیسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەم فریودانە بەکارهێنەران دووچاری ساختەکاری دەکاتەوە، لە وانە ساختەکردنی ناسنامە و شێوازەکانی دیکەی دەستکاری لەلایەن کەسانی خراپکارەوە.هەروەها دەرکەوتووە کە ئێکس سەبارەت بە ڕێکلامەکانی بەپێی پێویست شەفاف نەبووە و ڕێگەی بە توێژەران نەداوە دەستیان بە داتاکانی ڕای گشتی بگات، کە ئەمانە بەپێی یاساکانی DSA مەرجن.
"ئێکس" هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و دەستکاریکردنی زانیارییەکان، کە ئەم بەشەی لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی ئەورووپا هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
