ناوەندێکی ستراتیژی: عێراق لەبەردەم داڕمانی ئابووریدایە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی عێراق لە نوێترین ڕاپۆرتیدا هۆشداری دەدات، عێراق تەنیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی کاتیی یان دواکەوتنی مووچەی نییە، بەڵکو لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە و وڵاتەکە بەرەو داڕمان دەچێت.
بەگوێرەی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی دەیان ساڵە عێراقییەکان لەسەری ڕاهاتوون و تێیدا "دەوڵەت دابینکەری هەموو شتێکە"، گەیشتووەتە کۆتایی. هۆکارەکانیش بۆ زیادبوونی خێرای دانیشتووان، وێرانبوونی ژێرخان، پاشەکشەی کەرتی پەروەردە و تەندروستیی و گەندەڵیی دامەزراوەیی دەگەڕێنێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاربەدەستانی عێراق لە ئێستادا لەبەردەم دوو بژاردەی چارەنووسسازدان:
1- بەڕێوەبردنی داڕمان (سیاسەتی ئێستا): ئەمە ڕێگا ئاسانەکەیە کە بریتییە لە زیادکردنی دامەزراندن بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتی، قەرزکردن و چاپکردنی پارە. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات، ئەم ڕێگایە تەنیا "سەقامگیرییەکی کاتییە"، بەڵام دەرەنجامەکەی بریتی دەبێت لە دابەزینی بەهای دینار، هەڵاوسان و وێرانبوونی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکان لە داهاتوودا.
2- نووسینەوەی گرێبەستی ئابووری (چاکسازیی ڕیشەیی): ئەمە ڕێگا سەختەکەیە، کە پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجیی گشتیی، ئاڕاستەکردنی بودجە بۆ وەبەرهێنان، چاکسازی لە باج و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت هەیە.
ناوەندەکە جەخت دەکاتەوە "کات لەبەرژەوەندیی عێراق نییە" و دواخستنی چاکسازییەکان بە پاساوی پاراستنی مافەکان، لە ڕاستیدا بەفیڕۆدانی دەرفەتە مێژووییەکانە. ڕاپۆرتەکە بەو پرسیارە کۆتایی دێت: "ئایا ئایندەیەکمان دەوێت لەسەر بنەمای ئابووریی نەوتی، یان ئابوورییەکی بەرهەمدار کە تێیدا گەندەڵکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و نەوەی داهاتوو پارێزراو بن؟"
