کارزان یاسین کتێبێکی بەناوی"خوێندنەوەی ئەو کتێبە 180 پلە ژیانت دەگۆڕێت" بڵاوکردەوە

نووسەر و ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەروەردەیی کارزان یاسین، چاپی شەشەمی کتێبێکی نوێی خۆی بەناوی "خوێندنەوەی ئەو کتێبە 180 پلە ژیانت دەگۆڕێت" کە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی چاپکراوە، بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، نووسەر و ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەروەردەیی کارزان یاسین، دەربارەی بڵاوکردنەوەی چاپی شەشەمی کتێبەکەی بۆ کوردستان24 گوتی: لەڕاستیدا ئەم کتێبە دەتبات بۆ گەشتێکی ناوەکی، گەشتێک بەرەو ناخی خۆت، بەرەو ئەو شوێنەی کە هێزی ڕاستەقینەت لێی نیشتەجێیە. ئەم کتێبە ئاوێنەیەکە، تێیدا دەتوانیت خۆت ببینیتەوە، بەڵام نەک تەنیا ئەوەی ئێستا هەیت، بەڵکوو ئەوەی دەتوانیت ببیت.

دەشڵێت: کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، وەک ئەوە وایە سەفەرێک بکەیت بە ناو دەریای ژیاندا. هەندێک جار شەپۆلەکان بەرز دەبنەوە و هەست بە ترس دەکەیت، بەڵام ئەم کتێبە فێرت دەکات چۆن لەو کاتانەدا ئارام بگریت و متمانەت بە خۆت هەبێت. هەندێک جار دەگەیتە کەنارێکی جوان و هەست بە خۆشی دەکەیت. ئەم کتێبە فێرت دەکات چۆن ئەو ساتانە بە تەواوی بژییت و چێژیان لێ وەربگریت.

گوتیشی: لەماوەی کەمتر لە ساڵێک شەش جار ئەو کتێبە چاپکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی خوێنەر بەئاسانی لێی تێدەگات و خۆی لەناویدا دەبینێتەوە، یەکێک بووە لە پڕفرۆشترین کتێبی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەجۆرێک شەش هەزار دانەی لێ فرۆشراوە.

نووسەر و ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەروەردەیی کارزان یاسین، دانیشتووی شاری هەولێرە و یەکێکە لەو نووسەرانەی لەبواری پەروەردەیی تاک کار دەکات، خاوەنی چەندان کتێبە لەبواری ڕاهێنان و بەرەوپێشبردن و پەروەردەیی تاک.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment