جووتیارێکی شارەزوور سەوزەی بێ دەرمان بەرهەمدەهێنێت
لە دەشتی شارەزوور، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیاری بە ناوی "باخەکەی یارێ" سەرنجی هاووڵاتیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، کە تێیدا سەردانیکەران دەتوانن بە دەستی خۆیان بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بچننەوە و چێژ لە خواردنی کوردەواری و ژینگەیەکی ئارام وەربگرن.
هەژار مەجید، خاوەنی کێڵگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا نزیکەی 17 جۆر سەوزەوات لە باخەکەدا بەرهەم دەهێنرێت و ئامادەکاری بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی دیکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خواردنە کوردەوارییەکانی وەک کەلانە و کولێرە بە قیمە بۆ ئەو میوانانە ئامادە دەکرێت کە لە ڕێگەی دوورەوە سەردانیان دەکەن.
خاوەنی پڕۆژەکە جەختی لەسەر ئازادیی گەشتیاران کردەوە لەناو کێڵگەکەدا و گوتی: "لێرە هەموو کەسێک ئازادە و هیچ سنوورێک بۆ جوڵە و هەڵسوکەوتیان دانانرێت، ئامانجمان ئەوەیە شوێنەکە ببێتە سەرچاوەی ئاسوودەیی بۆیان."
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەدا، شوێن بۆ پەلەوەر و ئاژەڵانی وەک کەروێشک تەرخان کراوە، کە ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی منداڵان و خێزانەکان. هەژار مەجید ئەم پڕۆژەیە بە "گەڕانەوە بۆ باوەشی سروشت و دایک" وەسف دەکات و دەڵێت: "پێش هەموو شتێک سروشت هەبووە، بۆیە گەڕانەوە بۆ سروشت ئاسوودەیی دەبەخشێت."
سەبارەت بە ئەزموونی خۆی، هەژار ئاشکرای کرد، پێشتر هیچ ئەزموونێکی لە چاندن و کشتوکاڵدا نەبووە، بەڵام لەڕێگەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەردەوام، توانیویەتی خولیای خۆی بکاتە ڕاستی.
کەژاڵ عەلی، یەکێک لە گەشتیارانی کێڵگەکە کە لە سلێمانیەوە سەردانی کردووە، ستایشی پڕۆژەکەی کرد و بە "شوێنێکی سەرنجڕاکێش و ئارام" وەسفی کرد، هیواشی خواست کە پڕۆژەی لەم شێوەیە لە شارەکاندا زیاد ببێت تا هاووڵاتیان بتوانن لە ڕۆژانی پشوودا بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی تێبکەن.
بە وتەی خاوەنی کێڵگەکە، ڕۆژانە گەشتیاران لە ناوچە جیاوازەکانی وەک هەڵەبجە، کەلار، دەربەندیخان، کەرکووک و تەنانەت لە دهۆک و هەولێریشەوە سەردانیان دەکەن، ئەوەشی خستەڕوو کە پلانیان هەیە پڕۆژەکە زیاتر فراوان و سەرنجڕاکێشتر بکەن بۆ هەموو شارەکانی هەرێم.
